رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک شارەوانییەکانی فەرەنسا داوا لە خەڵک دەکەن دژی تووندوتیژی و تاڵان، خۆپێشاندان بکەن. بەرپرسانی وڵاتەکەش توڕەیی خۆیان بەرامبەر هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک شارەوانییەکی پاریس دەردەبڕن؛ هاوکات سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران و 220 سەرۆک شارەوانیی وڵاتەکەی لە بارەی تووندوتیژییەکان کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، شەوی رابردوو لانیکەم 78 کەسیان بەهۆی تووندوتیژی و تاڵانەوە دەستگیرکردووە و 45 هەزار پۆلیس و جەندرمە لە ئەرکدا ماونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە نائارامی.
نزیکەی هەفتەیەکە شەوانە تووندوتیژی و تاڵان بەشێک لە شارەکانی فەرەنسای گرتوەتەوە، ئەوەش دوای کوژرانی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیری لە لایەن پۆلیسەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، کە بووەتە هۆی نوێبوونەوەی تۆمەتی نەژادپەرستی و جیاکاری دژی هێزەکانی پۆلیسی فەرەنسا.
دوای ئەوەی کە بە ئۆتۆمبێلێکی گڕگرتووەوە هێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکی یەکێک لە شارەوانییەکانی پاریس بۆ ئەوەی بسووتێنرێت، سەرۆک شارەوانییەکانی فەرەنسا داوایان کرد خەڵک کۆببنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی توندوتیژییەکان.
لە راگەیێندراوێکدا، کۆمەڵەی سەرۆک شارەوانییەکانی فەرەنسا دەڵێن، "هەموو شوێنێکی فەرەنسا بووەتە شوێنی نائارامیی مەترسیدار و هێماکانی کۆمار بە تووندوتیژیی ترسناک دەکرێنە ئامانج."
وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بەو نائارامییەی کە بووەتە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئیمانوێل ماکرۆن لەو کاتەوەی لە ساڵی 2017ـەوە بووەتە سەرۆککۆمار، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە گوتی، وەک شەوانی پێشوو، 45 هەزار پۆلیس و جەندرمە لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە جێگیرکران، هەروەها تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، لانیکەم 78 کەس دەستگیرکرابوون.
نزیکەی 7 هەزار پۆلیس تەنیا لە پاریس و دەوروبەری و بە درێژایی شانزێ لیزێ جێگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆپێشاندەران داوایان کرد ناڕەزاییەکان بگوازنەوە بۆ ئەوێ، کە بەناوبانگترین شەقامی پایتەختی فەرەنسا و یەکێکە لە شوێنە هەرە پڕگەشتیارەکانی فەرەنسا و ئەوروپا.
قەیرانێکی نوێ
خۆپێشاندانەکان بوونەتە قەیرانێکی نوێ بۆ ماکرۆن کە هەوڵدەدات بەڵێنەکانی لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا جێبەجێ بکات، دوای چەندین مانگ لەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییە بەرفراوانانەی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی سەرانسەری فەرەنسایان گرتەوە.
لە دەرەوەی فەرەنساش نائارامییەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی، چونکە پاییزی ئەمساڵ ئەو وڵاتە میوانداری جامی جیهانی رەگبی دەکات و لە هاوینی 2024 یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە پاریس بەڕێوەدەچن.
هەروەها ماکرۆن سەردانێکی خۆی بۆ ئەڵمانیا دواخست کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە بیکات، ئەوەش ئاماژەیەک بۆ رادەی خراپیی دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەی.
ئوڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بێگومان ئێمە بە نیگەرانییەوە سەیری دۆخەکە دەکەین. زۆر هیوادەخوازم و بڕوای تەواویشم هەیە کە سەرۆکی فەرەنسا رێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوە دۆخەکە بە خێرایی باش بێتەوە."
بە گوێرەی کۆشکی ئیلیزێ، رۆژی یەکشەممە ماکرۆن سەرکردایەتیی کۆبوونەوەیەکی حکومەتەکەی کرد سەبارەت بە قەیرانەکە.
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەکەی ماکرۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ هەردوو سەرۆکەکانی هەردوو ئەنجوومەنی پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییەکانی زیاتر لە 220 لەو شار و شارۆچکانەی کە پشێوییان تێدا دروستبووە کۆدەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا، رێکخەرانی Tour de France رایگەیاند، لە نزیکەوە سەیری دۆخەکە دەکەن لە کاتێکدا کە کێبڕکێی پاسکیلسوارییەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بگاتە نێو سنووری فەرەنسا کە ماوەی دوو رۆژە لە ناوچەی "باسک"ی ئیسپانیایە. ئەو پۆلیسە تەمەن 38 ساڵەیشی کە تەقەی لە نائیل کرد، دەستگیر و تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی بەمەبەست.
نادیە، داپیرەی نائیل، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرەنسا، دوای ئەوەی کە داوای لە خۆپێشاندەران کرد کۆتایی بە تاڵانی و تووندوتیژی بێنن و کوشتنی نەوەکەی نەکەنە "پاساوێک" بۆ پشێوینانەوە، لە بارەی پۆلیسە بکوژەکەوە گوتی، "پێویستە ئەم پیاوە وەک هەر کەسێکی دیکە باجی خۆی بدات. ئەوانەی کە پشێوی دەنێنەوە و هێرشدەکەنە سەر پۆلیسیش پێویستە سزابدرێن. من بڕوام بە دادپەروەری هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ