ئەمریکییەک کە خێزانەکەی پێی وابوو قرش خواردوویەتی، دوای 33 رۆژ لە نێو زەریا رزگارکرا

03-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاووڵاتییەکی ئەمریکی دوای 33 رۆژ لە دیارنەمانی لە نێو زەریای هێمن و دوورکەوتنەوەی بە هەزار و 609 کیلۆمەتر لە وشکانی، بە زیندوویی دۆزرایەوە. 
 
پیاوەکە ناوی ئارۆن کارۆتایە؛ دوای ئەوەی کە دەنگی نەما، خێزانەکەی پێی وابوو لە نێو زەریادا بووەتە خۆراکی قرشەکان. 
 
کارۆتا لە نێو زەریای بێ سنوور و بێ بندا، هیوای دەخواست ئامێرێکی پێ بوایە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک تاوەکو بە وشکانی بگەیێنێتەوە یانیش بزانێت لە کوێیە. 
 
کارۆتا پێش ئەوەی رێگەکەی ون بکات، هەوڵی دەدا بە سەوڵ لێدان بە دەوری جیهاندا بسوڕێتەوە و بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی گەشتەکەی بڵاودەکردەوە. 
 
بەڵام ئەو خانانەی کە بۆ وەرگرتنی وزەی خۆر بۆ بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی رێنوێنی و پەیوەندی بەکاری دەهێنان لە کارکەوتن و سەرنجام بێ قیبلەنما مایەوە. 
 
بۆیە پیاوە تەمەن 45 ساڵەکە بەردەوام بوو لە سەوڵ لێدان بەو هیوایەی بە دوورگەکانی مارکیساس لە نێوەڕاستی زەریای هێمن بگات. 
 
بەڵام هاوڕێکانی بەهۆی دیارنەمانییەوە نیگەران بوون و دامودەزگە و پاسەوانی کەناراوەکانیان لە ونبوونی ئاگادارکردەوە. کارۆتا دەڵێت، "بە باوکمیان گوتبوو کە مردووم."
 
کارۆتا بەردەوام بوو لە سەوڵ لێدان؛ لە رێگەی راوکردنی ماسییەوە توانیویەتی بە زیندوویی بمێنێتەوە. 
 
دوای 33 رۆژ و لە دووریی 440 کیلۆمەتر لە مارکیساس، شەپۆلێک بەلەمەکەی سەراوژێر کرد. کارۆکا توانی ئەو چووبەی بۆ کاتی فریاگوزاری پێی بوو، فووی تێبکات و خۆی پێوە بگرێت، هەروەها ئەو ئامێری پەیوەندیی فریاگوزارییەکەشی بەکارهێناوە. 
 
جگە لە جلوبەرگی مەلەوانی، هیچی دیکەی پێ نەماوە و بەردەوام قرش بەدەوریدا سووڕاوەتەوە. 
 
دوای نزیکەی سێ کاژێر، فڕۆکەیەک کە بە دوای کەشتییەکی ونبوودا گەڕاوە، لێی پەیدا بووە و کەلوپەلی رزگاربوونی بۆ فڕێداوەتە خوارەوە. 
 
ئەو یارمەتییەی کە بۆ فڕێدرابووە خوارەوە، لەسەر رووی زەریاکە سەرئاوکەوتبوو، بەڵام کارۆتا لە ترسی قرش نەیتوانیبوو پێی بگات. بۆیە بە درێژایی شەوەکە لە نێو چووپەکەیدا پاڵکەوتبوو و نەجوڵابوو بۆ ئەوەی گەرمیی لەشی لەدەستنەدات. 
 
رۆژی دواتر، کەشتییەکی بازرگانی ئەویان دۆزیەوە و پەیژەیەکیان بۆ هەڵدایە خوارەوە. 
 
10 رۆژ دوای ئەوە، کەشتییەکە کارۆتای لە هاوایی دانا و لەوێ قسەی لەگەڵ دایکی کرد، کە ئەویش وایزانیبوو مردووە.
هاوڕێییەکی کارۆتا گەشتیکرد بۆ لای بۆ ئەوەی پارەی پێ بدات تا بتوانێت پاسپۆرتێکی نوێ دەربێنێت.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە