مانگرتن لە فەرەنسا زیاتر لە 1500 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاندەوە

03-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مانگرتنی چاودێرانی فڕۆکەوانی لە فەرەنسا بووەهۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 1,500 گەشتی ئاسمانی و ئەوەش کاریگەری لەسەر نزیکەی 300 هەزار گەشتیار کرد، ئەوە لە کاتێکدایە پشووی هاوین دەستیپێکردووە و قەرەباڵخییەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکان هەیە.
 
چاودێرانی هاتووچۆی ئاسمانیی فەرەنسا لە بەرامبەر کەمیی کارمەند و "کارگێڕی و بەڕێوەبردنی خراپ" مانگرتنێکی دوو رۆژەیان دەستپێکردووە، ئەوەش بووەتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی ئاسمانیی دەیان هەزار کەس لە ئەورووپا.
 
نیوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نیس کە سێیەم گەورەترین فڕۆکەخانەی فەرەنسایە و چارەکێکی گەشتەکانیش لە فڕۆکەخانەکانی پاریس ئۆرلی و پاریس شارل دۆگۆلن، کە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ئەورووپان، هەڵوەشێندرانەوە. 
 
نادیا ریڤێت، کارمەندێکی تەمەن 51 ساڵ دەڵێ: "شتی خراپتر هەن؛ ئەمە بێزارکەرە." گەشتەکەی ریڤێت لە شاری پاوی باشووری فەرەنساوە بۆ پاریس هەڵوەشایەوە.
 
فلیپ تابارۆت، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا داواکاریی سەندیکاکانی بە "نائاسایی" ناوبرد و رایگەیاند، هێڵە ئاسمانییەکان "ملیۆنان یۆرۆ" زیانیان بەردەکەوێت.
 
هێڵە ئاسمانییەکان: کراوینەتە بارمتە
 
کۆمپانیای راین ئێیەر، گەورەترین هێڵی ئاسمانی لە ئەورووپا رایگەیاند، 170 گەشتیی ئاسمانیی 30 هەزار گەشتیار هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
مایکڵ ئۆلێری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی راین ئێیەر گوتی: "جارێکی دیکە خێزانە ئەورووپییەکان بەهۆی مانگرتنی چاودێرانی هاتووچۆی ئاسمانیی فەرەنساوە بوونە بارمتە." 
 
ئۆلێری ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی گەشتەکانیان تێکچووە، گەشتیان بۆ فەرەنسا یان لە فەرەنساوە نەبووە، بەڵکو بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕیون.
 
یەکێتیی UNSA-ICNA، کە دووەم گەورەترین سەندیکای کرێکارییە لە کەرتەکەدا، بۆ داواکردنی باشترکردنی دۆخی کار و دامەزراندنی کارمەندی زیاتر ئەم هەنگاوەی ناوە. 
 
سەندیکاکە ناڕەزایەتی بەرامبەر "کەمیی کارمەند"، سیستمی کاتی دەوام، ئامێری کۆن و "شێوازەکانی بەڕێوەبردنی خراپ" دەردەبڕێت.
 
270 چاودێری هاتوچۆی ئاسمانی لە کۆی نزیکەی 1,400 کارمەند بەشداریی مانگرتنەکەیان کردووە.
 
فڕۆکەخانەکانی باشوور بەتایبەتی زیانیان بەرکەوتووە کە 30%ـی گەشتەکان لە شارەکانی وەک لیۆن و مارسیلیا هەڵوەشێندراونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە