ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسا 'جوانەکە'ـی ئیدارەی ترەمپی پەسندکرد

03-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر کەم، پڕۆژەیاسای باج و خەرجییەکانی پەسندکرد، کە دۆناڵد ترەمپ پێشکێشی کردووە و ناوی لێناوە "یاسایەکی گەورە و جوان."
 
دەنگدانەکە بە 218 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 214 دەنگی نەخێر بوو.
 
ئەو پڕۆژەیاسایە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی کارنامەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، کە کەمکردنەوەی باجەکانی پێشووتری درێژ دەکاتەوە، خەرجییەکانی سوپا و ئاسایشی سنوور زیاد دەکات و پارە بۆ پرۆگرامی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ دابین دەکات. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ترەمپ، بەڵام تێچوویەکی زۆریشی هەیە.
 
یاساکە چی لەخۆدەگرێت؟
 
- 4.5 تریلیۆن دۆلار سووککردنی باج کە بە شێوەیەکی سەرەکی سوودی بۆ دەوڵەمەندەکان و بازرگانەکان هەیە.
 
- زیادکردنی بودجە بۆ سوپا و جێبەجێکردنی پڕۆگرامی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرە نایاساییەکان.
 
- بڕینی بودجەی "مێدیکەید" کە پڕۆگرامی بیمەی تەندروستییە بۆ کەسانی کەم دەرامەت، ئەوەش رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی نزیکەی 17 ملیۆن کەس بیمەی تەندروستییان نەمێنێت.
 
- کەمکردنەوەی یارمەتیی خۆراکی فیدراڵی کە زیان بە خێزانە کەم دەرامەتەکان دەگەیێنێت.
 
- کۆتاییهێنان بە یارمەتییەکانی وزەی پاک و ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ژینگەپارێزانی تووڕەکردووە و شەڕێکی راگەیاندنی لەگەڵ ئیلۆن مەسکدا دروستکردووە.
 
رەخنەگران دەڵێن ئەم یاسایە تەرخانکردنی سامانی وڵاتە بۆ دەوڵەمەندان و لە دەیەی داهاتوودا 3.4 تریلیۆن دۆلار دەخاتە سەر قەرزی نیشتمانی.
 
چۆن تێپەڕێندرا؟
 
پڕۆژەیاساکە بە زەحمەت تێپەڕی. زۆرێک لە کۆمارییەکان نیگەران بوون لە بڕینە تووندەکانی نێو یاساکە، بەڵام دوای دانوستاندنێکی درێژ، رازی بوون.
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەوڵی زۆری بۆ رازیکردنی ئەندامە دوودڵەکان دا، ترەمپیش چەندین هەفتە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی پەیوەندیی بە یاسادانەرانەوە کرد.
 
کاردانەوەی تووند
 
حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ نزیکەی 9 کاژێر قسەی کرد و هەوڵی دا دەنگدانەکە دوابخات. جێفریز ناوی نا "یاسایەکی گەورەی ناشیرین" و گوتی، "ئامانج لێی باشترکردنی ژیانی خەڵکی ئەمریکا نییە."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یاساکەی بە "نەک هەر بێباکانە، بەڵکو دڵڕەقانەش" ناوبرد. تەنانەت هەندێک لە کۆمارییەکانیش دابەش بوون. میانڕۆکان دەترسان پشتیوانیی جەماوەری لەدەستبدەن.
 
ترەمپ ئاهەنگ دەگێڕێت
 
سەرەڕای مشتومڕەکان، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاهەنگی سەرکەوتنەکەی گێڕا، بە "یەکێک لە گرنگترین یاساکانی مێژوو" ناوی برد و گوتی، ئەمریکا ئێستا "خۆشترین وڵاتی جیهانە".
 
سەرۆکی ئەمریکا پلانی هەیە لە رۆژی 4ـی تەممووز، کە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکایە، یاساکە واژۆ بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.