رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، یەکێک لە هێرشکارەکانی سەر کۆنگرێس سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا؛ پیاوەکە خەڵکی ویلایەتی تێنسی بوو، بەوە تۆمەتبار کرابوو کە ویستوویەتی ئەو ئەفسەرانەی FBI بکوژێت کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردبوو.
ئێدوارد کێلی، تەمەن 36 ساڵ، لە مانگی تشرینی دووەمدا لەلایەن دادگەوە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ کوشتنی فەرمانبەرانی فیدراڵی و چەند تۆمەتێکی دیکەی درایە پاڵ.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، کێلی پلانی دانابوو بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ئامێری ئاگرکەرەوە کە بە درۆنەوە بەسترابوون، هێرش بکاتە سەر نووسینگەی FBI لە شاری نۆکسڤیڵ لە تێنسی، هەروەها بریکارانی FBI لە ماڵەکانیان یان لە شوێنە گشتییەکان بکوژێت.
وەزارەتی داد دەڵێت، "کێلی لیستێکی کوشتنی کارمەندانی فیدراڵی ئامادەکردبوو، هەروەها لیستەکە و وێنەی ئەو کەسانەی ویستوویەتی بیانکوژێت لەگەڵ هاوکارێکیدا بەشکردبوو."
کێلی یەکێک بوو لەو هەزار و 500 کەسەی کە بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە ساڵی 2021 سزادرابوون و دواتر بە بڕیاری تایبەتی ترەمپ ئازاد کرابوون.
ئەو یەکێک بووە لە هێرشکارانەی کە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە چووەتە نێو باڵەخانەی کۆنگرێس و بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس و تێکدانی موڵکی گشتیی سزادرابوو.
پارێزەرەکەی کێلی پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکەی لەسەر پلانی کوشتنەکە رایگەیاندبوو، دەبێت لێخۆشبوونەکەی ترەمپ تۆمەتەکانی ئەم کەیسەش بگرێتەوە، بەڵام داواکارانی گشتی ئەوەیان رەتکردەوە.
ئەوان لە بەڵگەنامەیەکی دادگەدا گوتیان: "رەفتاری تۆمەتبار لەم کەیسەدا، چ لەڕووی کات و چ لەڕووی شوێنەوە، پەیوەندیی بەو رووداوانەوە نەبووە کە لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا یان نزیک لەوێ روویانداوە."
هەروەها گوتیان: "ئەم کەیسە پەیوەندیی بە رەفتاری تاوانکاریی سەربەخۆی تۆمەتبارەوە هەیە لە تێنسی، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـدا، کە زیاتر لە 500 میل لە کۆنگرێسەوە دوورە و تاوانەکەی بریتییە لە هەڕەشەکردن، هاندان و پیلانگێڕی بۆ کوشتنی بریکار و ئەفسەرانی فیدراڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ