147 هەزار هەلی کار لە حوزەیراندا لە ئەمریکا رەخسێندراون؛ بێکاری 4.1٪ـە

03-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئابووریی ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا هەلی کاری رەخساندووە و رێژەی بێکاریش دابەزیوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەهێزیی بەردەوامی بازاڕی کار، سەرەڕای نیگەرانییەکان لە پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە 03-07-2025 بڵاوکرانەوە، مانگی رابردوو 147,000 هەلی کاری نوێ رەخسێندراون، لەکاتێکدا مانگی ئایار ئەو ژمارەیە 144,000 بوو.
 
رەخساندنی ئەو ژمارەیە لە هەلی کار بووە هۆی ئەوەی رێژەی بێکاری لە 4.2%ـەوە بۆ 4.1% دابەزی.
 
ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، پێشبینی ئەوە دەکرا مانگی رابردوو نزیکەی 120 هەزار هەلی کار بڕەخسێندرێن. 
 
گەورەترین ئابووریی جیهان لەدوای پەتای کۆڤید-19ـەوە تاڕادەیەکی باش خۆی گرتووە و بازاڕی کار رێگەی بە بەکاربەران داوە لە خەرجکردن بەردەوام بن، بەڵام سیاسەتە گشتگیرەکانی ئیدارەی ترەمپ لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا، لەنێویاندا رێژەی بەرزی باج لەسەر هاوردەکردنی پۆڵا، ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبێل، کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی بەکاربەران بووە و نادڵنیایی لەنێو بزنسەکاندا دروستکردووە.
 
ئەو نادڵنیاییە بەهۆی ئەوەوە زیاتر بووە کە ترەمپ سەرەتا بڕیارەکان رادەگەیێنێت و دواتر دەیانگۆڕێت یان رایاندەگرێت، ئەوەش وا دەکات کۆمپانیاکان لە وەبەرهێناندا وریاتر بن.
 
ئامارەکە لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵی لە کانوونی دووەمەوە 69,000 هەلی کاری کەمکردووەتەوە.
 
ئەم کەمکردنەوەیەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ بووەوە سەرۆکی ئەمریکا و فەرمانگەی کارامەیی حکومەت (DOGE)ـی دامەزراند، کە کارەکەی بریتی بوو لە کەمکردنەوەی خەرجیی زۆر و فەرمانبەرانی حکومەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بەشی گرافیکی رووداو درووستی کردووە

راپۆرتێک: بە ئەگەری 90٪ ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە هەموو کاتێک زیاتر لە جەنگێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران نزیک بووەتەوە و میدیایەکی ئەمریکیش ئاشکرای دەکات، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران 90٪ـە و مۆڵەتی دوو هەفتە بە تاران دراوە.