رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرما رووی لە ئەورووپا کردووە و بووەتەهۆی راگەیاندنی باری نائاسایی لە چەندین وڵات. لە هەموو ئەورووپا 11 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. کەوتنەوەی ئاگر لە دوورگەی کریتی یۆنانیش وایکردووە هەزاران گەشتیار و دانیشتووانی دوورگەکە هەڵبێن.
مردن و نەخۆشکەوتن
تاوەکو ئێستا لە ئەورووپا 11 کەس بەهۆی گەرما و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە؛ چوار کەس لە ئیسپانیا، 5 کەس لە ئیتاڵیا و دوو کەس لە فەرەنسا.
بەرپرسانی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئاگری دارستانەکانی هەرێمەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە هەردوو شاری ئێکسترێمادوورا و کۆردۆبای هەمان وڵاتیش دوو کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا.
فەرەنسا دەڵێ، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئیتاڵیا هۆشداری سوور کە بەرزترین ئاستە لە 18 شاردا راگەیاندووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکەیەوە دوو هاووڵاتی سەروو 60 ساڵ لە کەناراوێکی دوورگەی ساردینیا لە باشووری ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا. لە شاری بۆڵۆنیاش پیاوێکی بە رەچەڵەک عەرەب گیانی لەدەستدا. لە شاری پالێرمۆش ژنێکی 53 ساڵ لەکاتی رێکردن کەوت و گیانی لەدەستدا.

گەرمابردن ئەوکاتە روودەدات کە پلەی گەرمیی لەش دەگاتە 40ـی سیلیزی و توانای فێنککردنەوەی جەستە لەدەستدەدات، ئەمەش ئەوکاتە روودەدات کە ئارەقکردنەوە دەوەستێت، پێست وشک و گەرم دەبێت؛ کەسەکە تووشی سەرلێشێواوی، تێکچوونی هۆش، نائارامی و هەڵچوون، قسەکردنی ناڕوون، سەرئێشە، هێڵنجدان، گەشکە و لەهۆشچوون دەبێت.
لە هەندێک شوێنی ئەڵمانیا پلەی گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی
دەزگای کەشناسیی نیشتمانیی ئەڵمانیا هۆشداری لە بەرزبوونەوەی "نائاسایی" پلەی گەرما دەدات و دەڵێ، گەرماکە لە هەندێک شوێن دەگاتە نزیکەی 40 پلەی سیلیزی.
لە بەرلین، گەرماکە کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانە هەبووە و گەنجێکی 18 ساڵ بە ناوی نۆرا گوتی، ئەو شوێنەی شلیکی لێ دەفرۆشێت "وەک ساونای لێهاتووە."

گەرمای بەتین بووەتەهۆی دروستبوونی کێشە بۆ هاتووچۆ. کۆمپانیای بەڕێوەبردنی شەمەندەفەری نیشتمانیی ئەڵمانیا هۆشداری لە تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان دا، بەتایبەتی لە رۆژئاوای وڵات.
میدیای نێوخۆش بڵاویکردەوە، لە باکووری رۆژئاوا و نزیک شاری برێمن، گەرما بووەتە تێكدانی رێگەکان کە ئەوەش مەترسی بۆ شۆفێران دروستکردووە.
هاوکات، وشکەساڵی و گەرمای نائاسایی لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی رووبارەکان، ئەوەش کێشەی بۆ هاتووچۆی کەشتیوانی دروستکردووە. لە شاری درێسدن، ئاستی ئاوی رووباری ئێلب بۆ تەنیا 64 سانتیمەتر دابەزیوە، لەکاتێکدا ئاستی ئاسایی نزیکەی دوو مەترە.
یۆنان: ئاگرێکی گەورە لە دوورگەی کریت سەتان کەس ئاوارە دەکات
لە دوورگەی کریتی یۆنان، ئاگرێکی گەورە کەوتوەتەوە و بەرپرسان ناچار بوون ناوچەکە لە گەشتیاران و دانیشتووان چۆڵ بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، نزیکەی 2000 دانیشتووی دوورگەکە بەهۆی ئاگرەکەوە ئاوارە بوون کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کەوتەوە؛ هەروەها سێ هەزار گەشتیاریش لە ناوچەکە گوێزرانەوە شوێنی سەلامەت.

نزیکەی 270 کەس لە تیمی ئاگرکوژێنەوە، 10 هێلیکۆپتەر و درۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە خراونەتەکار، بەڵام بای بەهێز کە خێراییەکەی نزیکەی 88 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و سەختی ناوچەکە، ئەرکی تیمەکانی قورستر کردووە.
یۆنان ساڵی رابردوو گەرمترین هاوینی لە مێژوودا تێپەڕاند کە تێیدا 175 هەزار هێکتار پووش و پاوان و دارستان سووتا و 20 کەس گیانیان لەدەستدا.
کاریگەریی گەرما لەسەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپا
شەپۆلی گەرماکە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دیکەش هەبووە. لە فەرەنسا پلەی گەرما لە پاریس گەیشتە 40 پلە، لە ئیتاڵیا کارکردن لە شوێنەوارە دێرینەکانی رۆما بەهۆی گەرماوە راگیرا و لە بەلجیکاش کاتی کردنەوەی شوێنی گەشتیاریی (ئاتۆمیۆم) کەمکرایەوە.
کەشناسان پێشبینی دەکەن لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلێکی فێنکتر لە زەریای ئەتڵەسییەوە بگاتە کیشوەرەکە و پلەی گەرما دابەزێنێت، بەڵام هۆشداریش لە ئەگەری روودانی هەورەبرووسکە و بارانی بەخوڕ لەگەڵی دەدەن.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە رەنگە ئەم هاوینە رکابەریی ساڵی 2022 بکات کە تێیدا 61,672 کەس لەنێوان 30ی ئایار و 1ی ئەیلوول بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Nature Medicineـدا بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ