رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی شنگال و یاسای رزگاربووانی ئێزدی دەکات.
رۆژی 3ـی ئابی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پاڵپشتیمان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی نەگۆڕە. لە کاتێکدا ئەم رۆژە وەبیردێنینەوە، بەردەوامین لە گوشارکردن بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ قوربانییان و رزگاربووان و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤی هەموو ئێزدییەکان، بە ئازادیی ئایین یان باوەڕیشەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "بە راوێژ لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی شنگال بە ماڵی خۆیان دەزانن، داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاسای رزگاربووانی ئێزدی و رێککەوتنی ساڵی 2020ی شنگال دەکەین."
لە راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەڵێت: "عێراق دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ رێزلێگرتنی هاوبەش و پێکەوەژیان بۆ ناوچەکە و جیهانیش، ئیزدییەکانیش رۆلێکی گرنگ لەو هەوڵەدا دەبینن. لەکاتێکدا ئێمە یادی قوربانیانی ئێزدی بە زیندوویی دەهێڵێنەوە و هەست بە ئازاری رزگاربووانی ئێزدی دەکەین، لەهەمانکاتدا، بەبەرزییەوە دەڕوانینە هێز، خۆڕاگری و ئیرادەی ئیزدییەکان."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا.
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام لەوکاتەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
یاسای قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزدی کە لە 1ی ئایاری ساڵی 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، چوارچێوەیەکی کارکردنی دانا بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی و جۆر و شێوەکانی دیکەی قەرەبوو بۆ رزگاربووان، لەوانەش: مووچەی مانگانە، پارچە زەوی، دەستگەیشتن بە چارەسەرە دەروونی و تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام یاساکە تاوەکو ئێستا وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون.
لە هێرشەکەی 3ی ئابی 2014ی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن.
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ