ئەو وڵاتانە کێن کە دانیان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە؟

03-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، حکومەت و پەرلەمانی وڵاتانی جیهان وەکو جینۆساید، دانیان بە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیدا ناوە و سەرکۆنەیان کردووە. جینۆسایدەکە لەلایەن ژمارەیەک دامەزراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە دانیپێدانراوە. 
 
لە 19ی ئاداری 2015، نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی، بە جینۆساید دانا. 
 
لە 10ی ئایاری 2021، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کردەوەکانی داعش لە عێراق بە جینۆساید هەژماردەکرێن. 
 
لە 27ی کانوونی دووەمی 2016، ئەنجوومەنی ئەوروپا، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و سەروەریی یاسایە، 46 ئەندامی هەیە و لە ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا جیایە؛ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
 
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە 4ی شوباتی 2016 بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد بۆ بە جینۆساید هەژمارکردنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان و هەموو ئەوانەی لەگەڵ گرووپە پەڕگیرەکە هاوڕا نەبوون. هەروەها داوایکرد ئەوانەی کە بە مەبەست تاوانیان لە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە، بە تاوانی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، دادگایی بکرێن. 
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 14ی ئاداری 2016 بە کۆی دەنگ، تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان، شيعە و پێکهاتەکانی دیکەی بە جینۆساید دانان. 
 
لە 20ی نیسانی ساڵی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا بنێت، سەرکۆنەی بکات و پرسەکەی بباتە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان. حکومەتی بەریتانیا رەتیکردەوە دانیپێدابنێت، چونکە پێیوابوو، دەبێت دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆ بڕیار لەسەر تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید بدات نەک حکومەت. 
 
حکومەتی بەریتانیا دواجار، رۆژی 1ـی ئابی 2023، لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی، وەکو جینۆساید دانی بە تاوانەکانی گرووپە پەڕگیرەکەدا نا. 
 
لە 23ی ئاداری 2017، پەرلەمانی سکۆتلەنداش پڕۆژەیاسایێکی پەسەندکرد و دانی بە جینۆسایدەکە دانا. لە پڕۆژەیاساکەدا هاتبوو: "پەرلەمانی سکتۆلەندا دان بە جینۆسایدی داعش لە دژی ئێزدییەکاندا دەنێت، دان بەو نەهامەتییە مەزنەدا دەنێت کە لە ئەنجامی دەمارگیری، دڕندەیی و دژایەتیکردنی ئایینییەوە دروستبووە، هەروەها دان بە تاوانەکانی داعش لە دژی موسڵمانان، کرستیانەکان، عەرەبەکان، کوردەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و سووریادا دەنێت و سەرکۆنەیان دەکات، پێشوازی لە هەنگاوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکە دەکات کە بە فەرمی دان بە جینۆسایدەکەدا دەنێن."
 
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەنەدا بە کۆی دەنگ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی پەسندکرد و دانی بەوە دانا کە داعش کچ و ژنانی کوردانی ئێزدیی وەک کۆیلەی سێکس بەکارهێناون و بڕیاریدا لەسەر بنەمای راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاو بنێت و لە ماوەی 120 رۆژدا مافی پەناخوازی بە ژن و کچانی کوردانی ئێزدی بدات. 
 
6ی کانوونی یەکەمی 2016، ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە کۆدەنگی پڕۆژە یاسای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشی پەسندکرد و داوای لە حکومەت کرد "هەموو کەناڵە یاساییەکان" بەکاربێنێت بۆ داننان بە تاوانەکە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی. 
 
16ی کانوونی دووەمی 2018، پەرلەمانی ئەرمینیا دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە رووداوەکان دەستپێبکەن. 
 
1ی ئاداری 2021. پەرلەمانی عێراق یاسای رزگابووانی ئێزدی پەسندکرد کە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، تورکمانەکان، کرستیانەکان و شەبەکەکان بە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنێت. 
 
30ی حوزەیرانی 2021، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەلیجکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەی یاسای بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن داعشەوە پەسندکرد و داوای لە حکومەتی بەلجیکا کرد، هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردنی قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانکاران زیادبکات. 
 
لە 17ی تەممووزی 2021، پەرلەمانی بەلجیکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی پەسەندکرد. 
 
هۆڵەندا لە 6ی تەممووزی 2021 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە کۆدەنگی دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا. 
 
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە 19ی کانوونی دووەمی 2023 بە کۆی دەنگ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.
 
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون.
 
لە هێرشەکەی 3ی ئابی 2014ی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
 
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون. 
 
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن. 
 
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە