رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزە و ئاوی ئەفغانستان گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی 10 هەزار مێگاوات کارەبا، کە بەهای پڕۆژەکە 10 ملیار دۆلارە.
حکومەتی تاڵیبان دەیەوێت، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، لە ماوەی 7 تاوەکو 10 ساڵی داهاتوو، بە سوودبینین لە گاز، خەڵووز، ئاو، با و وزەی خۆر، لە بواری کارەبادا بگاتە خۆبژێوی و بتوانێت هەناردەشی بکات.
گرێبەستەکە لە کابوول بە ئامادەبوونی مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری لەگەڵ کۆمپانیای عەزیزی، واژۆکرا.
مەلا عەبدوللەتیف مەنسوور، وەزیری وزە و میروەیس عەزیزی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی عەزیزی، گرێبەستەکەیان واژۆکرد، کە بەرپرسان وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا پێناسەی دەکەن.
لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیر مەنسوور واژۆکردنەکەی بە "رۆژێکی مێژوویی" بۆ ئەفغانستان و "دەستکەوتێکی گرنگ" بۆ وڵاتەکە ناو برد و گوتی، حکومەتی تاڵیبان لەدوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات هەوڵێکی زۆری داوە بۆ راکێشانی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی وزە و خۆشگوزەرانیی گشتیدا.
مەنسوور جەختی لەوە کردەوە کە میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان پابەندە بە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان، داواشی لە کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، کە سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا ببینن.
هاوکات سەرۆکی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکە ئاماژەی بە توانای بەکارنەهێنراوی وزەی وڵاتەکە کرد و باسی لە سەرچاوە سرووشتییە هەمەجۆرەکانی کرد. میروەیس عەزیزی گوتی: "ئێستا کە دوای دەیان ساڵ لە ململانێ ئاسایشی سەرتاسەری دابینکراوە، کاتی ئەوە هاتووە دەست لەنێو دەست بکەین و ئەفغانستان بکەینە وڵاتێکی خۆبژێو و رکابەر."
وەبەرهێنەرەکە داوای لە وەبەرهێنەرانی نێوخۆ و دەرەوە کرد کە لە رێگەی دروستکردنی هەلی کار و پشتیوانیکردنی گەشەی ژێرخانەوە، بەشداری لە پەرەپێدانی ئەفغانستاندا بکەن.
بە گوتەی عەزیزی، کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە پارێزگا جیاوازەکاندا کارەبا لە سەرچاوەکانی گاز، خەڵووز، ئاو، با و خۆر بەرهەمبهێنێت. پڕۆژەکە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەی 7 بۆ 10 ساڵدا بگاتە خۆبژێویی تەواوەتی لە وزەدا و ئەگەری هەناردەکردنی کارەباشی بۆ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
لە کۆی 10 هەزار مێگاواتەکە، 4 هەزار مێگاواتی بۆ بەکاربردنی گشتی و 6 هەزار مێگاواتیشی بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی تەرخان دەکرێت، ئەمەش رێگە بۆ دامەزراندنی هەزاران کارگەی نوێ و هەلی کار خۆش دەکات، هاوکات داهاتی نێوخۆییش بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ