رووداو دیجیتاڵ
چین و رووسیا رۆژی یەکشەممە دەستیان بە مانۆڕی هاوبەشی سەربازی کرد لە دەریای ژاپۆن، لە کاتێکدا هەوڵدەدەن پەیوەندییە بەرگرییەکانیان بەهێزتر بکەن و ئەو سیستمە جیهانییە بگۆڕن کە پێیانوایە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات.
هاوشانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان، مۆسکۆ و پەکین لە ساڵانی رابردوودا هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوانیان بەهێزتر کردووە و پەیوەندییەکانیان لەدوای جەنگی رووسیا و سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە قووڵتر بووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی چین رۆژی یەکشەممە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مانۆڕەکانی "دەریای هاوبەش-2025" لە سنوورە ئاوییەکانی نزیک بەندەری ڤلادیڤۆستۆکی رووسیا دەستیانپێکردووە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبن.
هەردوو لا راهێنان لەسەر "رزگارکردنی ژێردەریایی، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دژە ژێردەریایی، بەرگریی ئاسمانی و دژە مووشەک، هەروەها شەڕی دەریایی" دەکەن.
وەزارەتەکە رایگەیاند، چوار کەشتیی چینی، لەنێویاندا کەشتییە وێرانکەرە مووشەکهاوێژەکانی شاوشینگ و ئورومچی، شانبەشانی کەشتییەکانی رووسیا بەشداری لە مانۆڕەکاندا دەکەن.
دوای مانۆڕەکان، هەردوو وڵات لە "ئاوە پەیوەندیدارەکانی زەریای هێمن" گەشتی پاسەوانی دەکەن.
چین و رووسیا چەندین ساڵە مانۆڕی ساڵانە دەکەن، مانۆڕەکانی "دەریای هاوبەش"یش لە ساڵی 2012ـەوە دەستیانپێکردووە.
مانۆڕەکانی ساڵی رابردوو بەدرێژایی کەناراوەکانی باشووری چین بەڕێوەچوون.
وەزارەتی بەرگریی چین رۆژی هەینی رایگەیاند، مانۆڕەکانی ئەم ساڵ ئامانجیان "قووڵکردنەوەی زیاتری هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیری" نێوان هەردوو وڵاتە.
چین هەرگیز سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای بۆ سەر ئۆکراینا نەکردووە و داواشی نەکردووە هێزەکانی بکشێنێتەوە. زۆر لە هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا، لەنێویاندا ئەمریکا، پێیانوایە پەکین پشتیوانیی مۆسکۆی کردووە.
چین سوورە لەسەر ئەوەی کە بێلایەنە و بەردەوام داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات، لە هەمان کاتدا وڵاتانی رۆژئاوا بە درێژکردنەوەی ململانێکە لە رێگەی پڕچەککردنی ئۆکرایناوە تۆمەتبار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ