رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسپانیا رایدەگەیێنن، 7 کۆچبەر دوای ئەوەی بەلەمەکەیان ژێرئاو کەتووە خنکاون و تەرمەکانیان لە دوو کەناراوی ئیسپانیا دۆزراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی ئیسپانیاوە رایگەیاند: "لە بەرەبەیاندا شەش تەرم لە کەناراوی لۆس موێرتۆس لە کاربۆنێراس لە ناوچەی باشووری ئەندەلوسیا دۆزرانەوە، لە کاتێکدا تەرمێکی دیکە لە کەناراوەکانی نزیکی لاس سالیناس لە کابۆ دی گاتا دۆزرایەوە."
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندوە، بەلەمەکە لە شەوی سێشەممە ژێرئاو کەوتووە، بەڵام تەرمەکان لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دۆزراونەتەوە.
هەروەها 26 کۆچبەر لەنێو بەلەمێکدا لە کەناراوەکانی دوورگەی لۆنس مێرتۆ رزگارکران، دیار نییە بەلەمەکە چەند کۆچبەری تێدابووە.
بەرپرسانی ئیسپانیا دەڵێن، بەلەمێکی دیکە کە 38 کۆچبەری هەڵگرتبوو، گەیشتووەتە کەناراوەکانی کابۆ دا گاتا، هەروەها پێشبینی ئەوەیشیان کردووە کە لە کاژێرەکانی داهاتوو، ژمارەیەکی زیاتر تەرم بدۆزرێنەوە.
سەرچاوە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە، پێدەچێت کۆچبەرەکان لە جەزائیرەوە گەشتەکەیان بەرەو کەناراوەکانی ئیسپانیا دەستپێکردبێت.
ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کۆچبەران وەکو خاڵێکی سەرەکی چوونە نێو وڵاتانی ئەورووپا بەکاریدەهێنن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، 21 هەزار و 721 کەس بە رێگەی دەریای نێوەڕاست گەیشتوونەتە ئیسپانیا، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو، 63 هەزار و 970 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
چوونی کۆچبەران بۆ ئیسپانیا لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی 13٪ زیادیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا 56 هەزار و 852 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە.
رێکخراوی (Caminando Fronteras)ـی ئیسپانی کە لە بواری مافی مرۆڤ دا دەکات دەڵێت: "ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ساڵی 2024 هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیایان داوە و لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێنبوون، 10 هەزار و 457 کەسە."
رێکخراوەکە هۆکاری مردن یاخود بێسەروشوێنبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانی بۆ خراپی بەلەمەکان، مەترسیداری رێگەکە و کەمی سەرچاوەی رزگارکردنی کۆچبەران گەڕاندووەتەوە.
رێکخراوەکان دەڵێن، ئەو کۆچبەرانەی دەچنە ئیسپانیا خەڵکی 28 وڵاتن، کە زۆربەیان ئەفریقایین. هەروەها دانیشتووانی عێراق و ئەفغانستانیان تێدایە.
لە ئابی ساڵی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سێ جار سەردانی مالی، سەنیگال و مۆریتانیای کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە رێگە لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ