رووداو دیجیتاڵ
داخستنی حکومەتی ئەمریکا چەند رۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی رۆژی هەینی ئەنجوومەنی پیران نەیتوانی ئەو پێشنیازەی بودجە تێبپەڕێنێت کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە پێشکێش کرابوو.
بەهۆی چەقبەستوویی گفتوگۆکان لە کۆنگرێس، لە رۆژی چوارشەممەوە بودجەی وەزارەت و ئاژانسە فیدراڵییەکان راگیراوە و بەو هۆیەوە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتیی فراوان پەکیان کەوتووە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بەنیاز نین لە پشووی کۆتایی هەفتەدا کۆببنەوە، ئەمەش وادەکات ئەو پێشنیازەی رۆژی هەینی خرایەڕوو وەک دوا دەرفەتی ئەم رۆژانە بێ بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە، کە شارەزایان ترسیان هەیە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.
پێش دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی پیران، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی گرنگی تایبەت بە بازاڕی کاری هەڵپەسارد، ئەوەش دۆخێکی ناڕوونی زیاتری بۆ گەورەترین ئابووریی جیهان دروستکرد.
ململانێکانی ئێستای نێو کۆنگرێس لەسەر داواکاریی دیموکراتەکانە بۆ درێژکردنەوەی کارکردن بە بودجەی چاودێریی تەندروستی کە خەریکە وادەکەی بەسەردەچێت؛ راگرتنی ئەمانە تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر ملیۆنان ئەمریکیی کەم دەرامەت.
کۆمارییەکان هیچ نیازێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەرنەبڕیوە. ئەوان زۆرینەی کۆنگرێسیان بەدەستەوەیە، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی یاساکانی بودجەی حکومەت پێویستیان بە دەنگی دیموکراتەکانە. دیموکراتەکانیش هەوڵدەدەن بە رەتکردنەوەی هاوکاریکردنیان لە پرسی بودجەی حکومەتدا، گوشاریان لەسەر دروست بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ