رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئوسترالیا دەڵێن، "بە وردی چاودێریی" شەش ژنی ئوسترالی و منداڵەکانیان دەکەن کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی بە نهێنی رۆژئاوای کوردستان و سووریایان جێهێشت بە ئامانجی ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئوسترالیا پاسپۆرتی بەو ژن و منداڵانە داوە، دوای ئەوەی بێ هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی لە سووریا دەرچوون و لەلایەن دەسەڵاتدارانی لوبنانەوە دەستبەسەر کران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی "یارمەتیی ئەو کەسانە نادات و بێ دادگەییکردن نایانگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی" کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و گومانی ئەوەیان لێ دەکرێ پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە هەبێت.
وەزارەتەکە دەڵێ: "دەزگاکانمان ماوەیەکی زۆرە چاودێریی ئەو کەسانە دەکەن...ئەگەر هەندێکیان بتوانن بگەڕێنەوە [ئوسترالیا]، ئەوا دەزگاکانمان ئامادەن و توانایان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی، رێکاری پێویست بگرنەبەر."
گەڕانەوەی ژنانی چەکدارانی پێشووی داعش بۆ ئوسترالیا مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە، چونکە هەندێک لە بەرپرسانی سیاسی پێیان وایە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروستدەکەن.
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن یارمەتیی ئەو هاووڵاتییە ئوسترالیانە بدەن کە لە دۆخێکی سەختدا لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن.
زۆربەی ئەو ژنانە هاوژینی ئەو چەکدارانەن کە کوژراون و گوتوویانە خەڵەتێندراون یان ناچارکراون بچنە لای هاوژینەکانیان لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ