رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شاری مانچستەری بەریتانیا دەڵێت، یەکێک لەو دوو کەسەی لە هێرشەکەی سەر کەنیشتەیەکی جووەکان کوژرا، بە گولـلەی ئەفسەرانی پۆلیس گیانی لەدەستداوە؛ کەسێکی دیکەش بە گولـلەی پۆلیس بریندار بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشکارەکە بە رەچەڵەک خەڵکی سووریا بووە.
دوێنێ پێنجشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2025 پیاوێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکی بەردەم پەرستگەی (هیتۆن پارک)دا کێشا، دواتر دابەزی و بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک. ئەفسەران تەقەیان لێکرد و کوشتیان.
پۆلیس دواتر رایگەیاند، هێرشەکە "تیرۆریستی" بووە و ناوی هێرشکارەکەش جیهاد شامی بووە، بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە و وڵاتینامەی بەریتانیای هەبووە.
رۆژی هەینی 03-10-2025 پۆلیس رایگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی کوژراوە، گولـلە بەر جەستەی کەوتووە و سەرەتا بەو جۆرە لێکدرایەوە کە شامی کوشتبێتی.
سێر ستیڤن واتسن، بەڕێوەبەری پۆلیسی مانچستەر گوتی، "بڕوا ناکەین شامی چەکی پێبووبێت و تەنیا پۆلیس تەقەی کردووە."
پۆلیس گوتی، دوو کوژراوەکە ئەدریان دۆڵبی تەمەن 53 ساڵ و مێلڤین کراڤیتزی تەمەن 66 ساڵ بوون.
دوای رووداوەکە، دوو پیاو و ژنێک دەستگیر کران، ژنەکە لە 60ـەکانی تەمەنیدایە.
واتسن گوتی، یەکێک لەو سێ کەسەی لە نەخۆشخانەن، بە گولـلە بریندار بووە، بەڵام برینەکەی مەترسیدار نییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت دوو کوژراوەکە "لەپشت دەرگای کەنیشتەکەوە زۆر لەیەکەوە نزیک بووبن،" کاتێک پۆلیس لە دەرەوە تەقەی لە شامی کردووە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، شامی پێشتر لای پۆلیسی دژە تیرۆر نەناسراو بووە.
خێزانی هێرشبەرەکە رۆژی هەینی رایانگەیاند، "کردەیەکی قێزەونی کردووە" و بەتەواوی خۆیان لەو کارە بەدوور دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ