تسوورکۆڤ سوپاسی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی

03-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو توێژەرە ئیسرائیلی - رووسییەی لە ساڵی 2023 لە عێراق رفێندرا و مانگی رابردوو ئازادکرا، سوپاسی ئەو کەسانە دەکات لە ئازادکردنیدا رۆڵیان هەبوو.
 
ئیلیزابێس تسوورکۆڤ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کە یەکەم پۆستیەتی دوای ئەوەی لە عێراق دەستبەسەر کرابوو، نووسیویەتی، "دوای 903 رۆژ لە دەستبەسەری، دواجار بە سوپاسەوە ئازادم. سوپاس بۆ تۆ، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، بۆ ئەو هەنگاوە یەکلاییکەرەوەیەت کە منی گەڕاندەوە ماڵەوە، بێ ئەوەی هیچ شتێک لە بەرامبەردا بە کەتائیبی حیزبوڵڵای رفێنەر بدەیت."
 
تسوورکۆڤ سوپاسی بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی ئەمریکا و هاوڕێ و کەسوکارەکانی دەکات، لە پۆستێکی دیکەیدا بە زمانی عەرەبی باس لەوە دەکات، کەوتبووە دۆخێکی زۆر خراپەوە، بەڵام خودا وەڵامی دایەوە.
 
ئەو توێژەرە ئیسرائیلی – رووسییە لە کۆتایی ئاداری 2023 دیارنەما، ئەوەش لە کاتێکدا بوو، توێژینەوەی بۆ تێزی دکتۆراکەی لەسەر بزووتنەوە شیعەکان لە عێراق دەکرد.
 
بە گوتەی خۆی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق توێژینەوە بوو لەسەر گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران، بەتایبەتی بزووتنەوەکەی موقتەدا سەدر.
 
لە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دواتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئازادکردنی تسوورکۆڤیان راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە