رووداو دیجیتاڵ
جیهاد شامی، ئەو کەسەی کەنیشتەیەکی جووەکانی کردە ئامانج، دوو رۆژە بووەتە رۆژەڤی بەریتانیا. میدیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، خولیای یاریی لەشجوانی بووە، زمانی ئینگلیزیی گوتووەتەوە و خێزانێکی "باش"ی هەیە.
هێرشەکە رۆژی 02-10-2025 ئەنجام درا. جیهاد بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەنێو کۆمەڵێک جوودا کرد، کە بەبۆنەی رۆژی یۆم کیپوور، پیرۆزترین رۆژی ساڵنامەی جووەکان، کۆببوونەوە؛ ئینجا دابەزی و بە چەقۆ هێرشی کرد.
لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران، سێ کەس بریندار بوون و جیهادیش بە تەقەی پۆلیس کوژرا. دواتر پۆلیس رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکەی پۆلیس کەسێك کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
شامی لە 2006 لە تەمەنی 16 ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە بەریتانیا و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت، خێزانی ئەو کەسە لە شارۆچکەی پرێستویچ نیشتەجێن کە نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە شوێنی هێرشەکەوە دوورە.
میدیای بەریتانیا باس لەوە دەکات، هێرشکارەکە "مامۆستا بووە و زمانی ئینگلیزی و پرۆگرامسازی گوتووەتەوە."
پۆلیس رایگەیاند، شامی لە پرۆگرامی دژەتیرۆری حکومەت ناوی نەبووە و لای دەزگە ئەمنییەکانیش ناسراو نەبووە.
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، لە ساڵی 2012 کەسێک بەناوی جیهاد شامی چەند ئیمەیڵێکی هەڕەشەئامێزی بۆ پەرلەمانتارێکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ناردووە. پۆلیس گوتی، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هەمان ئەو جیهادەیە یان نا.
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، بڕوا دەکرێ باوکی شامی پزیشکی پسپۆڕی زەبری دەروونی [ترۆما] بێت و بۆ چەندین رێکخراوی ناحکومی لە زۆنەکانی جەنگ کاری کردبێت.
لە ئەرشیفی 2015ی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سووردا ڤیدیۆیەک هەیە و پزیشکێک بەو ناوە لە سوودانی باشوور کاردەکات. ئەو کەسە بە نەرمی قسەدەکات و جلێکی سپی لەبەردایە.
هەژمارێکی یوتیووب هەمان ڤیدیۆی تێدایە، هەروەها چەند ڤیدیۆیەکی خێزانی پزیشکەکەیشی تێدایە و یەکێکیان باسی گەشتێکیان دەکات بۆ شاری حمسی سووریا.
دراوسێیەکی ناونەهێندراو بە میدیای بەریتانیای گوتووە، "شامی 10 ساڵ لێرە ژیا، نەمبینی ژن و منداڵی هەبێ، قسەی لەگەڵ کەسی دەوروبەری نەدەکرد، جەستەی بەماسولکە بوو، ئامێرەکانی وەرزشی لە گەراجەکەیدا دادەنا، جاروبار لەوێ دەمبینیت."
جۆف هالیوێڵ، دراوسێیەکی دیکەیەتی و بە میدیای بەریتانیای گوت، هێرشکارەکە زۆرجار کورسییەکی بەرزکردنەوەی قورسایی لە باخچەی پێشەوەی ماڵەکەی بەکاردەهێنا.
هالیوێڵ گوتی، "سێ برا بوون و ئەو لە هەمووان گەورەتر بوو. یەکێکی دیکەیان چەند ساڵێک لەمەوبەر ماڵی گواستەوە و لێرە نەما. باوکیشی هەندێک جار دەگەڕایەوە؛" گوتیشی، باوکی هێرشکارەکە ئۆتۆمبێلێکی لێدەخوڕی کە تابلۆی فەرەنسی پێوەبوو و گوتی: "خێزانێکی باشن. ئەو [جیهاد] هەمیشە راستگۆ بوو. جلی ئاسایی لەبەردەکرد، هەندێک جار جلی ئیسلامی لەبەردەکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ