ترەمپ: چاومان لەوە نییە جەنگ دژی ڤەنزوێلا هەڵگیرسێنین، بەڵام رۆژەکانی مادورۆ سنووردارن

03-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاماژەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە ڤەنزوێلا ناڕوونن.
 
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی CBSی ئەمریکی گوتی، نایەوێ جەنگ لەگەڵ ڤەنزوێلا هەڵگیرسێنێت، بەڵام رۆژەکانی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە "سنووردارن،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە لە ماوەیەکی کەم لە دەسەڵات دووردەخرێتەوە. 
 
قسەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە هێزێکی زۆری ئەمریکی لە دەریای کاریبی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا کۆکراوەتەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بەلەمانەی گوایە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن. بەو هۆیەوە دەیان کەس کوژراون. 
 
کاتێک لە بەرنامەی "60 Minutes" پرسیاری لێکرا، ئایا ئەمریکا بەرەو جەنگ دەڕوات دژی ڤەنزوێلا؟ ترەمپ گوتی: "گومانم هەیە. پێم وانییە."
 
بەڵام، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا رۆژەکانی مادورۆ وەک سەرۆک سنووردارن، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "دەڵێم بەڵێ. پێم وایە، بەڵێ."
 
ئەمریکا مادورۆ بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبار دەکات، بەڵام سەرۆکە ڤەنزوێلییەکە واشنتنی تۆمەتبار کردووە بەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر وەک بیانوویەک بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا بگرێ.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 15 هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمەکان لە کاریبی و زەریای هێمندا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 65 کەس کە دوایینیان رۆژی شەممە روویدا، ئەمەش رەخنەی حکومەتەکانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
رەخنەگرانی ئەمریکا دەڵێن، هێرشەکان کە لە سەرەتای ئەیلوولەوە دەستیانپێکردووە، نایاسایین، تەنانەت ئەگەر بازرگانە ناسراوەکانیش بکەنە ئامانج.
 
واشنتن تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بڵاونەکردووەتەوە کە بیسەلمێنێت ئەوانە بەلەمی گواستنەوەی هۆشبەرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە