ترەمپ: رووسیا و چین بە نهێنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکەن

03-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، وڵاتانی وەک رووسیا و چین تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی ژێرزەوییان ئەنجامداوە و بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکاش هەمان هەنگاو دەنێ.
 
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 MINUTES"ی کەناڵی CBS کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، گوتی: "رووسیا تاقیکردنەوە دەکات، چینیش تاقیکردنەوە دەکات، بەڵام باسی ناکەن."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "نامەوێ تاکە وڵات بین کە تاقیکردنەوە نەکات" و کۆریای باکوور و پاکستانیشی خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە گوایە چەکەکانیان تاقیدەکەنەوە.
 
ناڕوونییەک لەبارەی فەرمانەکەی ترەمپەوە دروستبووە بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، بەتایبەتی لەوەی ئایا مەبەستی لە تەقاندنەوەی بۆمبەکەیە وەک تاقیکردنەوەیەک، کە ئەمریکا لە ساڵی 1992ـەوە کاری لەو جۆرەی نەکردووە.
 
سەرۆکە کۆمارییە 79 ساڵییەکە، بۆ یەکەم جار رۆژی پێنجشەممە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەڕێگەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕیارەکەی راگەیاند، ئەمەش چەند خولەکێک پێش چوونەژوورەوەی بۆ لووتکەیەک لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور.
 
راگەیێندراوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات رووسیا رایگەیاند، مووشەکێکی کرووزی نوێی تاقیکردووەتەوە لە بری سووتەمەنیی نەریتی بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، لەگەڵ مووشەکێکی دیکەی ژێردەریایی بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
 
کاتێک لە لایەن رۆژنامەڤانەکەی CBSـەوە پرسیاری لێکرا ئایا پلانی هەیە بۆ یەکەم جار دوای زیاتر لە 30 ساڵ ئەمریکا چەکی ئەتۆمی بتەقێنێتەوە، ترەمپ گوتی: "دەڵێم بەڵێ، ئێمە وەک وڵاتانی دیکە چەکی ئەتۆمی تاقی دەکەینەوە."
 
چەندین دەیەیە، جگە لە کۆریای باکوور، هیچ وڵاتێکی دیکە نییە بۆمبی ئەتۆمی بۆ تاقیکردنەوە تەقاندبێتەوە. 
 
رووسیا لە ساڵی 1990 و چین لە ساڵی 1996ـەوە تاقیکردنەوەی لەو شێوەیەیان نەکردووە.
 
کاتێک پرسیاری زیاتری لەسەر بابەتەکە لێکرا، ترەمپ گوتی: "ئەوان نایەن پێت بڵێن." گوتیشی: "هەرچەندە بەهێز بن، ئەمە جیهانێکی گەورەیە. تۆ مەرج نییە بزانیت لە کوێ تاقیکردنەوە دەکەن. لە قووڵایی ژێرزەویدا تاقیکردنەوە دەکەن کە خەڵک بە وردی نازانێ لەگەڵ تاقیکردنەوەکەدا چی روودەدات. تۆ کەمێک هەست بە لەرینەوە دەکەیت."
 
بەڵام وەزیری وزەی ئەمریکا بە جۆرێکی دیکە قسەی کرد.
 
کریس رایت رۆژی یەکشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی: "پێم وایە ئەو تاقیکردنەوانەی ئێستا باسیان دەکەین، تاقیکردنەوەی سیستمن. ئەمانە تەقینەوەی ئەتۆمی نین."
 
رایت گوتی: "ئەمانە ئەوەن کە پێیان دەڵێین 'تەقینەوەی نا-سەرەکی'، واتە تۆ بەشەکانی دیکەی چەکێکی ئەتۆمی تاقیدەکەیتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەندازەی گونجاو پێشکێش دەکەن و زەوینە بۆ تەقینەوە ئەتۆمییەکە خۆش دەکەن."
 
ئەمریکا لە ساڵی 1996ـەوە پەیماننامەی قەدەخەکردنی گشتگیریی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی واژۆ کردووە کە هەموو جۆرە تەقینەوەیەکی تاقیکاریی ئەتۆمی قەدەخە دەکات، ئینجا بۆ مەبەستی سەربازی بێت یان سڤیل. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا