جیهان
کارمەندانی بەرگریی شارستانیی لوبنان لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلێک لەدوای تەقینەوەی ئەو شوقەیەی، قارووریی تێدا کوژرا، وێنە: ANWAR AMRO / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای کوژرانی بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە بەیرووت، ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بە زوویی لوبنان جێبهێڵن.
ئەم هۆشدارییە دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی حکومیی بەشی قەیرانەکانی ئەڵمانیا دێت، کە تێیدا رۆژی چوارشەممە، 3-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "داوا لە هەموو هاووڵاتییانی ئەڵمانی دەکەین، بەزووترین کات لوبنان بەجێبهێڵن."
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە "تێکچوونی زیاتری دۆخەکە و فراوانبوونی ململانێکان، ناتوانرێت لەوە زیاتر رەتبکرێنەوە، بەتایبەت دوای کوژرانی ساڵح عارووری، جێگری سەرکردەی حەماس لە بەیرووت."
هەرچەندە تائێستا ئیسرائیل بەرپرسیاریێتیی کوشتنی عارووریی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام حەماس، حیزبوڵڵا و هێزەکانی ئاسایشی لوبنان، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن.
رۆژی سێشەممە (2-1-2024) نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندار بوون.
دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عارووری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.
رۆژی چوارشەممە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کە "وەڵامیان بۆ ئەو هێرشە دەبێت."
عارووری جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بوو، نووسینگەی حەماسیش لە ناوچەی زاحیە لە باشووری لوبنان بووە و لەو ناوچەیەدا زۆرینەی شیعەن و چەکدارەکانی حیزبوڵڵا باڵادەستن.
میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێت، "هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە درۆن کراوە؛ نووسینگەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج."
ساڵح عارووری، لەلایەن ئیسرائیلەوە بە پیلانداڕێژەری چەندین هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو؛ هەروەها بە هۆکارێکی سەرەکیی نزیکبوونەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی ناسرابوو.
عارووری چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە، لە ساڵی 2007 کاتێک بۆ دواجار ئازاد دەکرێت، روودەکاتە سووریا و لە شاری دیمەشق لە مەکتەبی سیاسیی حەماس لەگەڵ بەرپرسی ئەوکاتی مەکتەبەکە، خالید مەشعەل، کاری کرد و لەوێ مایەوە تاوەکو ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی و قەیرانی سووریا.
دواتر لەگەڵ خالید مەشعەل روو لە تورکیا دەکەن و لە ئیستەنبووڵ نووسینگەی حەماسیان کردەوە. عارووری تاوەکو ساڵی 2015 لە تورکیا مایەوە، دواتر تورکیای بەرەو لوبنان بەجێهێشت.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، رۆیشتنی عارووری لە تورکیا بەشێک بووە لە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، کە ئیسرائیلییەکان داوایان لە تورکیا کردووە ئەو بەرپرسەی حەماس، وڵاتەکەیان جێبهێڵێت.
عارووری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیش بوو لە کەرتی رۆژئاوا. لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی کاتەکانی لە بەیرووت ژیاوە و لەوێ وەکو باڵیۆزی حەماس لای حیزبوڵڵا کاری کردووە. هەروەها بە کەسێکی نزیک لە یەحیا سینوار، باڵاترین بەرپرسی حەماس لەنێو کەرتی غەززە دانراوە.
لە ساڵی 2014 ئیسرائیل عارووری بە رفاندن و کوشتنی سێ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا تۆمەتبار کرد، ئەوکات عارووری ئەو کارەی بە "ئۆپەراسیۆنێکی پاڵەوانانەی کەتیبەکانی قەسام" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ