رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ژاپۆن رایدەگەیێنن، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 84 کەس و زیاتر لە 330 کەسیش بەوهۆیەوە بریندار بوون و 51 کەسیش بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ژاپۆن، زیاتر لە 31 هەزار و 800 کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و لە شێڵتەرەکان نیشتەجێکراون.
میدیای ژاپۆنیش ئاماژە بەوە دەکات، هەزاران خانوو بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بوون و کارەبای 29 هەزار ماڵیش بڕاوە. لە پارێزگای ئیشیکاوە زیاتر لە 110 هەزار ماڵ بێ ئاون.
رۆژی دووشەممە 01-01-2024، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری رێختەر چەند ناوچەیەکی نێوەڕاستی ژاپۆنی هەژاند و زیانی گیانی و مادی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەش، ژمارەیەک پاشلەرزەی زۆر روویانداوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەڕان بەدوای قوربانییانی ژێر ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون، بەردەوامە.
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە هاوکاریی خەڵک بکەن و کابینەکەشی هۆشداریی داوەتە خەڵک کە "ئامادەبن" بۆ بوومەلەرزەی زیاتر لە هەفتەی داهاتوودا.
ژاپۆن دەکەوێتە سەر ئەڵقەیەکی گڕکاناوی و شوێنی بەیەکگەیشتنی پلێتەکانی زەوی، کە بە "ئەڵقەی ئاگر" ناودەبرێت، بۆیە زوو زوو دەکەوێتە بەر بوومەلەرزە.
پڕ قوربانیترین بوومەلەرزە، تاوەکو ئێستا لە ژاپۆن روویدابێت، ساڵی 2011 بوو، کە 9 پلە بوو بە رێختەر و لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی دا، بوومەلەرزەکە تیسۆنامی بەدوادا هات و بەهۆیەوە 17 هەزار و 759 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ