رووداو دیجیتاڵ
میدیای بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئەندرو مانونتباتن ویندزەر، شازادەی پێشووی بەریتانیا، بە فەرمی ماڵە شاهانەکەی لە ویندزەر چۆڵکردووە و بۆ موڵکێکی شاهانە لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا گواستوویەتیەوە. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەندرو جارێکی دیکە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین کەوتووەتە ژێر چاودێری میدیا.
لە دوایین ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا هەینی رابردوو بڵاویکردنەوە، دووبارە ناوی ئەندروی تێدایە و لەنێوخۆی بەریتانیا پرسیاری جدی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین دروست بووە.
میدیای بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەندروی 65 ساڵ، رۆژی دووشەممە بە بێدەنگی کۆشکی رۆیاڵ لۆجی لە یۆرکشایەر بەجێهێشتووە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ شوێنی نیشتەجێبوونی بووە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی فراوانی هەواڵەکە، کۆشکی بەکینگهام تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
میدیای ئەو وڵاتە دەڵێ، ئەندرو لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوو لەگەڵ سارا فێرگسۆنی هاوژینی پێشووی، لەو موڵکە گەورەیەدا دەژیا کە دەکەوێتە نزیک قەڵای ویندزەر و یەکێکە لە گرنگترین شوێنە شاهانەییەکان.
ئەندرو ئێستا لە خانوویەکی کاتیدا لە موڵکی ساندرینگهام لە نۆرفۆلک نیشتەجێیە، یەکێکە لە موڵکە تایبەتەکانی بنەماڵەی شاهانە.
گوشارە سیاسی و میدیاییەکان لەسەر شازادەی پێشوو، برای بچووکی شا چارلسی سێیەمە، بە شێوەیەکی بەرچاو چڕتر بوونەتەوە، بەتایبەتی لەوکاتەوەی لە بەشێکی نوێی دۆسیەکانی ئێپستیندا دەرکەوت.
لە بەڵگەنامەکاندا وێنەیەکی ئەندرو بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ ژنێکدا لەسەر زەوی پاڵکەوتووە، هەروەها چەندین ئیمەیڵ بانگهێشتی ئێپستین بۆ کۆشکی بەکینگهام دەردەخەن بۆ ئەوەی "بە نهێنی" و دوور لە چاوی میدیاکان قسە بکەن.
ئەم زانیارییە نوێیانە کاردانەوەی سیاسیی توندیان لێکەوتەوە و وایان لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کرد، بە ئاشکرا رایبگەیەنێت، پێویستە ئەندرو لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە بێت بۆ ئەوەی لەبارەی تاوانەکانی ئێپستین و تۆڕە فراوانەکەیەوە قسە بکات.
لە لایەکی دیکەوە، قوربانییەکی دۆسیەی ئێپستین لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە رایگەیاندووە، سەرمایەدارە ئەمریکییەکە لە ساڵی 2010دا بە تایبەتی ناردوویەتی بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی لە رۆیاڵ لۆج سێکس لەگەڵ ئەندرو بکات.
ئەندرو، بە درێژایی ساڵانی رابردوو و سەرەڕای هەموو بەڵگە و تۆمەتەکان، رایگەیاندووە کە بێتاوانە. ئەو لە ساڵی 2022 بۆ خۆدزینەوە لە دادگاییکردن، رێککەوتنێکی چەند ملیۆن پاوەندی لە دەرەوەی دادگە لەگەڵ قوربانییەکی دۆسیەی ئێپستین کرد.
ئەو قوربانییەی دۆسیەکەی ئێپستین ناوی ڤێرجینیا جوفری بوو، لە ساڵی رابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئاندرۆ لە ساڵی 2019 بەهۆی پەیوەندییە ئابڕووبەرەکانی لەگەڵ ئێپستین، لە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی شاهانەیی کشایەوە و نازناوەکانی لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ