رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسداران ئاشکرای دەکات، رۆژی هەینی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت دەستپێدەکات و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش پرسی ئەتۆمی دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، ئاژانسی تەسنیم، میدیایەکی نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی هەینی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە دانوستاندنەکان بەشێوەی "ناڕاستەوخۆ" دەبن و تێیدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرپەرشتی شاندەکان دەکەن.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بابەتی دانوستاندنەکان تەنیا پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەبێت."
تاران پێشتر چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە باس لە بەرنامە مووشەکییەکەی و تواناکانی بەرگریی وڵاتەکەی بکات.
دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: "فەرمانم بە وەزیری دەرەوە کردووە، بەو مەرجەی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەڕەشە هەبێت، دەست بە دانوستاندنی دادپەروەرانە بکات."
ئەم گەڕەی دانوستاندنی هەردوو وڵات لە کاتێکدایە گرژییە سەربازییەکان هێشتا بەردەوامە، ئەمریکا هێزێکی گەورەی دەریایی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە.
پێشتر بڕیار بوو دانوستاندنەکان لە تورکیا بن، بەڵام دواتر لەسەر داواکاری ئێران، گفتوگۆکان گواسترایەوە بۆ عومان.
ساڵی رابردوو پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ