رووسیا: کەسێکمان سزادا کە ویستی سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا بکات

04-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی رووسیا رایگەیاند پیاوێکیان دەستگیرکردووە و سزایان داوە کە ویستوویەتی زانیاریی بداتە حکومەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەر ناردنی بۆ ئەڵمانیا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-04-2024، دادگەی هەرێمی ئۆمسک لە باشووری رۆژئاوای سایبیریا رایگەیاند پیاوێکی 46 ساڵەیان دەستگیرکردووە و بە 12 ساڵ بەندکردن سزای داوە بەهۆی ئەوەی ویستوویەتی لە بەرامبەر چوونی بۆ ئەڵمانیا سیخوڕیی بۆ وڵاتەکە بکات.
 
دادگەکە دەڵێت: "ئەو پیاوە ویستوویەتی پەیوەندیی بە بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە بکات."
 
بەگوێرەی دادگەی ئۆمسک، هێزە ئەمنییەکانی رووسیا لە تەمووزی 2023 پیاوەکەیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر فلاش میمۆرییەک گرت کە کۆدی نەخشەی (لۆکەیشنی) چەند بنکە و یەکەیەکی سەربازیی رووسیای تێدابوو.
 
بەگوێرەی یاسای سزاکانی رووسیا، ناپاکی لە نیشتمان بە بەندکردنی تاهەتایە سزادەدرێت، چەند گرووپێکی داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ دەڵێن: "رووسیا ئەو سزایە بەسەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رەخنەگرەکاندا دەسەپێنێت."
 
سزا و تۆمەتەکانی سیخوڕی و ناپاکی لە نیشتمان لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 تووندتر و زۆرتر بوونە لە رووسیا.
 
یەکێک لە رەخنەگرە بەنێوبانگەکانی رووسیا ئەلێکسی ناڤالنی بوو کە مردنی لە شوباتی ئەم ساڵدا لە زیندان مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر لە وڵاتان پەنجەی تاوانیان بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا درێژکرد.
 
ئەلێکسی ناڤالنی، تەمەن 47 ساڵ، سیاسەتڤانێکی رووسی و سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بوو. ناڤالنی رەخنەگرێکی سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو، چەند جارێکیش چەند خۆپێشاندانێکی لە دژی سەرۆک و سیاسەتی رووسیا رێکخست. 
 
ئەو رەخنەگرە لە ساڵی 2021 لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و بە 19 ساڵ بەندکردن سزادرا. 
 
رۆژی 16ـی شوباتی 2024، زیندانی ئای کەی 6 لە ناوچەی خارپی رووسیا رایگەیاند: "ناڤالنی پیاسەیەکی کرد و هەستیکرد تەندروستیی تێکدەچێت و بوورایەوە، تیمەکانی پزیشکی بەزوویی گەیشتنە سەری و ئەمبوڵانسێکیش بانگکرا، بەڵام گیانی لەدەستدا."
 
نەخۆشخانەی شاری لابیتنانگی لە رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: "ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستیانەی گەیشتنە زیندان بۆ ماوەی نیو کاژێر خەریکی گەڕاندنەوەی گیانی ناڤالنی بوون، بەڵام بێسوود بوو."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رۆبۆتەکان لە رۆژێکدا دەتوانن 1,200 مەتر دووجا پاکبکەنەوە.

چین؛ رۆبۆتی سپایدەرمان بۆ خاوێنکردنەوەی باڵەخانە بەرزەکان بەکاردەهێنرێت

زانایانی چین نەوەیەکی نوێی رۆبۆتیان دروستکردووە کە وەک پیاوی جاڵجاڵۆکە (سپایدەرمان) بە باڵەخانە بەرزەکاندا سەردەکەون و جامەکان خاوێن دەکەنەوە؛ ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەش بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسییەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران پەرەی پێدراوە.