رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی بە رووداوی راگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ئاسمانی ئێران ئاگادار کراوەتەوە.
رۆژی هەینی 3-4-2026 کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی سوپای وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە دایەوە.
کارۆلین لیڤیت دەڵێ: "سەرۆک لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیای ئێران بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی جۆری ئێف 35 لە لایەن سیستمی دژە بەرگریی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و خراوەتە خوارەوە.
بەڵام شارەزایان دەڵێن، فڕۆکەکە لە جۆری ئێف 15یە. بەرپرسانی ئەمریکای ئاگادار لە بابەتەکە ئەم ئێوارەیە رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 15 ئی خراوەتە خوارەوە و پێنتاگۆن لە هەوڵی دۆزینەوە و رزگارکردنی ستافی فڕۆکەکەدایە.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک وێنە لە ئێران بڵاوبوونەوە کە تێیاندا فڕۆکەیەکی جۆری لۆکهید هێرکیولس سی 130 و هێلیکۆپتەری پەیڤهۆک ئێچ ئێچ 60 دەبیندرێن بە نزمی دەڕۆن و لە ڤیدیۆیەکیشدا دەنگی کەسێک دەبیسترێ کە بە فارسی قسە دەکات و هەربۆیە ئەو گومانەی زیاتر کرد کە شوێنەکە ئێرانە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی لەو بارەیەوە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە لایەن ئێرانەوە هەڵمەتێکی گەڕان بە مەبەستی دۆزینەوەی ستافی فڕۆکەکەنێردراوەتە ئاسمانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ