رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، باوەڕ بەو ئاگربەستە سێ رۆژییە ناکەن کە گوایە رووسیا پێوەی پابەندە دەبێت و دەڵێت: "ئەمە یەکەمجار نییە بەڵێن بدەن."
رۆژی یەکشەممە 05-04-2025 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانیکرد، رۆژی 9ـی ئەم مانگە بەبۆنەی ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەورووپا و "رۆژی سەرکەوتنی مۆسکۆ"، سێ رۆژ ئاگربەستی جەنگ رادەگەیێنن.
پووتین گوتی، ئەمە دەبێتە "تاقیکردنەوەیەک کە ئایا کیێڤ ئامادەی ئاشتیی درێژخایەنە."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "ئەمە یەکەم ئاڵنگاری نییە و یەکەم بەڵێنی رووسیا نییە لەسەر ئاگربەست."
زیلینسکی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ پێتر پاڤێل، سەرۆکی چیک لە پراگی پایتەختی وڵاتەکە گوتی: "ئێمە دەزانین مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەین، باوەڕیان پێناکەین."
پێشتر کیێڤ و واشنتن لە مانگی رابردوو پێشنیازی ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان خستە بەردەم مۆسکۆ، بەڵام رەتکرایەوە.
زیلینسکی گوتی: "ئەمڕۆ و هەموو ئەو رۆژانەی کە ئەوان باسی نیمچە ئاگربەست دەکەن، پێویست بزانن، ژمارەی پەلامار و هێرشەکانی ئەمڕۆ بەراورد بە چەند مانگی رابردوو زۆرترینن."
بەگوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، رووسیا لە دوێنێ شەممەوە زیاتر لە 200 هێرشی کردووە و گوتی: "هیچ متمانەیەکمان بەوان نییە."
پاڤێل گوتی: "پووتین بەیەک بڕیار دەتوانێت جەنگەکە رابگرێت، بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا هیچ خواستێکی پیشان نەداوە."
کۆماری چیک ئەندامی ناتۆیە و لە 2022ـوەوە لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکە، هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی ئۆکراینای کردووە. چیک زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەری جەنگی وەرگرتووە، هەروەها بە تانک، زرێپۆش، تەقەمەنی و هێڵیکۆپتەر یارمەتیی سوپای ئۆکراینای داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ