لە سوێد هەر کۆچبەرێک ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی 32 هەزار یۆرۆی پێدەدرێت

04-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی سوێد، پلانی حکومەتەکەی راگەیاند، بۆ زیاترکردنی ئەو بڕە پارەیەی دەدرێتە کۆچبەران کە بە خواستی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەمەش لەچوارچێوەی رێکارە نوێیەکانی وڵاتەکەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران.
 
رۆژی چواری ئایاری 2025، ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد، رایگەیاند پلانیان هەیە ئەو بڕە پارەیە زیاتر بکەن کە دەدرێتە ئەو کۆچبەرانەی بەویستی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
پێشتر هەر کۆچبەرێک بە ئارەزووی خۆی سوێدی جێهێشتبووایە 900 یۆرۆی پێدەدرا، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، پلانیان هەیە بڕی پارەکە بۆ 32 هەزار یۆرۆ زیاد بکەن.
 
کریستەرسن روونیکردەوە بەرنامەکەی پێشوو "سەرکەوتوو" نەبووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی کاروباری کۆچەرانی سوێد، ساڵی 2023 ئەو ئۆفەرە بە 70 کۆچبەر درا، تەنیا یەکێکیان قبووڵی کرد.
 
حکومەتی سوێد بڕیاریداوە بەمەبەستی هاندانی کۆچبەران بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە، بڕی سێ هێندە و نیو زیاد بکات، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، سوودیان لەپلانێکی دانیمارکی دراوسێیان وەرگرتووە.
 
کریستەرسن گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆپی مۆدێلی دانیمارکی دەکەین و ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بکرێت بۆ ئەوانەی حەز دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بە هەر هۆکارێک بێت هەست ناکەن کە ژیانێکی باش لە سوێد دەدۆزنەوە".
 
لە هەمان کاتدا، سەرۆکوەزیرانی سوێد دانی بەوەدانا کە زۆر کەس رەنگە پشتگیریی ئەو بیرۆکەیە نەکەن. هەرچەندە، ئەو پێیوایە ئەو کۆچبەرانەی ناتوانن لە کۆمەڵگەی سوێدیدا جێگەی خۆیان بکەنەوە، لانیکەم بەم دەستپێشخەرییە نوێیە، بیر لە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەنەوە. 
 
بڕیارە سیاسەتی نوێ لە یەکی کانوونی دووەمی 2026 بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
پێشتر، گەنەر سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد رایگەیاند حکومەتی ستۆکهۆڵم لە پلانیدایە هەر کەسێک بە تاوانی سیخوڕی تاوانبار بێت یان دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، وڵاتینامەی سوێدی لێدەسەندرێتەوە، ئێستاش حکومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو هەموارانەیە کە پەیوەستن بەو پرسە لە دەستووری سوێد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە