رووداو دیجیتاڵ
محەممەد موعیزۆ، سەرۆکی ماڵدیڤ ژمارەیەکی پێوانەیی درێژترین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی تۆمارکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەکەی رایگەیاند، موعیزۆ نزیکەی 15 کاژێر وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە، بەوەش ماوەی پێوانەیی پێشووی شکاند کە لە لایەن ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناوە تۆمارکرابوو.
موعیزۆی تەمەن 46 ساڵ، رۆژی شەممە کاژێر 10:00ـی بەیانی بەکاتی نێوخۆ دەستی بە کۆنفرانسەکە کرد و 14 کاژێر و 54 خولەک بەردەوام بوو.
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە کاتی نوێژدا سەرۆک وچانێکی کورتی وەرگرتووە.
دەشڵێت: "کۆنفرانسەکە تاوەکو دوای نیوەشەو بەردەوام بوو، کە ئەوە ماوەیەکی پێوانەیی نوێیە لە سەر ئاستی جیهان تۆمارکرابێت. سەرۆک موعیزۆ بەردەوام وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە."
تشرینی یەکەمی 2019، ئاژانسی ژمارە پێوانییەکانی ئۆکراینا رایگەیاند، زیلینسکی 14 کاژێر لەسەر یەک لە کۆنفرانسێکدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی داوەتەوە و تۆماری پێشووی درێژترین کۆنگرەی رۆژانەمەڤانی شکاندووە کە 7 کاژێر بوو و لە لایەن ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلارووسەوە تۆمارکرابوو.
حکومەتی ماڵدیڤ دەڵێت، سەرۆک موعیزۆ رۆژی شەممەی بۆ کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە هەڵبژارد کە رۆژی ئازادیی راگەیاندن بوو.
راگەیێندراوی نووسینگەکەی دەڵێت: "سەرۆک پێزانینی بۆ رۆڵی گرنگی راگەیاندن لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە و جەختی لە گرنگیی رۆژنامەڤانیی راست و دروست، هاوسەنگ و بێلایەن کردەوە."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، موعیزۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە خەڵکی ئاسایی لە رێگەی رۆژنامەڤانانەوە پێشکێشیکردبوون.
راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، موعیزۆ کە لە ساڵی 2023ـەوە بووەتە سەرۆک، پێگەی وڵاتەکەی لە ریزبەندی جیهانیی ئازادیی رادەربڕیندا بە 24 پلە بەرزکردووەتەوە و لە ریزی 104ـەوە گەیاندوویەتی بە 180. ئەو پلەبەندییە لە لایەن رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوورەوە کراوە.
زیاتر لە 20 رۆژنامەڤان لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون.
سەرۆکێکی پێشووتری ماڵدیڤیش تۆمارێکی نوێی جیهانی بە ناوی خۆیەوە کرد، کاتێک بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2009 کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەتی لە دەریادا کرد بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر مەترسیی زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریا.
موحەممەد نەشید و وەزیرەکانی بە بووتڵی ئۆکسجین و جلی تایبەت، خۆیان لە زەریای هیندیدا نوقم کرد و تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەش کۆبوونەوەکەی گواستەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ