رووداو دیجیتاڵ
لە کارگەیەکی دروستکردنی بیرە لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا لە سەرچاوەی ئاوی ئاوەڕۆ، بیرە دروستدەکرێت. خاوەنی باڕێک دەڵێت، سەرەتا کڕیارەکانی "بەلایانەوە قێزەون" بووە، بەڵام دواتر "زۆر بەدڵیان بووە."
جۆرج ئیمامی، خاوەنی کارگەی بیرەکە دەڵێت، "ویلایەتەکە و شارەکەی ئێمەش هەردووکیان بۆ پاککردنەوە و بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان، پەنایان بۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بردووە و ئێمەش هاتین و ئەو تەکنەلۆژیایەمان لە دروستکردنی بیرەدا بەکارهێنا."
ئاوی ئاوەڕۆکان بە فیلتەر و چەندین پێکهاتەی پاککەرەوە تێدەپەڕێندرێن؛ پاشان دەکرێنە نێو دەبەی تایبەتەوە.
خاوەن کارگەی بیرەکە ئاماژە بەوە دەکات، "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کارە، بینین و هەڵسەنگاندنی خەڵکە کاتێك کە بیرەیەک دەخۆنەوە و دەشزانن سەرچاوەی ئاوی ئەو بیرەیە ئاوی ئاوەڕۆکانە."
بەرهەمەکە نزیکەی سێ مانگە خراوەتە بازاڕەوە. تۆم، خاوەن باڕ دەڵێت، "قسەم بۆ کڕیارەکان دەکرد و باسی پاکوخاوێنیی ئاوی بیرەکەم بۆ دەکردن؛ سەرەتا بەلایانەوە قێزەون بوو، بەڵام کە تاقییان کردەوە، زۆریان بە دڵ بوو."
خاوەن بیرۆکەکە دەڵێت، بەرهەمەکە ناوی "زیندووبوونەوەی بیرە"یان لێناوە و لە مێنوکارتیشدا دەنووسین "بیرەی ژینگەدۆست،" تاوەکو بتوانین لانیکەم بە وشە، گوڵاوێك بە بەرهەمێکدا بکەین، کە لەڕووی پێکهاتە و بۆنیشەوە پەسندکردنی لای زۆرینەی زۆری خەڵک، ئەستەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ