رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی دهۆک رێککەوتنێکی لەگەڵ پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە واشنتن واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 لە واشنتن لەلایەن هەریەکە لە داوود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک و ئەلدۆنا وز، سەرۆکی پەیمانگەی سیاسەتی جیهان واژۆ کرا.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، "ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە پرۆگرامێکی هاوبەش بۆ خوێندن لە بەشی دیبلۆماسی هەبێت. لە پڕۆگرامەکەدا دیسپلینی تێگەیشتن لە دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی دەخوێندرێت."
رێککەوتنەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت و دواتر دەکرێت بە هاوئاهەنگیی هەردوولا بۆ چوار ساڵ درێژ بکرێتەوە.
وەکو یەکەمین هەنگاو، هەردوو زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهان دیبلۆمێکی یەک ساڵە لە زانکۆی دهۆک رادەگەیێنن و سەرەتاش 20 تاوەکو 25 خوێندکار وەردەگرن.
سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "پێمان وایە ئەو بوارەی هەڵمانبژاردووە [بواری دیبلۆماسی]، یەکێکە لە بوارە گرنگەکان و هەرێمی کوردستانیش پێویستییەکی زۆری پێی هەیە؛ بۆیە پێمان باش بوو کە ئەم رێککەوتنە واژۆ بکەین."
سەرۆکی زانکۆی دهۆک گوتیشی، لە قۆناخی یەکەمی خوێندنی دیبلۆمەکەدا خوێندکاران لە کوردستان دەخوێنن و قۆناخی دووەمی خوێندنەکەش لە ئەمریکا تەواو دەکەن.
داوود ئەترووشی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دیبلۆمە یەک ساڵییە تایبەت نییە بە خوێندکارانی زانکۆی دهۆک، بەڵکو هەموو فێرخوازانی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە داهاتوودا کار دەکەین بۆ ئەوەی سەرۆک زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بتوانن رێککەوتنی لەو جۆرە لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی ئەمریکادا بکەن و خوێندکاران بتوانن بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن."
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکای کردووە، "شاندەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ چەندین زانکۆی جیاواز لە ئەمریکا دەبێت."
بە گوتەی د. توانا نەجەف، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین زانکۆی ئەمریکی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن خولی "سەرکردایەتی" بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ