رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی پاکستان رایدەگەیێنێت، لەوکاتەوەی لە مانگی نیسانەوە کە حکومەت هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی دەستپێکردووە، لانیکەم 200 هەزار ئاوارە و پەنابەری ئەفغانستان ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
رۆژی چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی پاکستان رایگەیاند، تەنیا لە مانگی نیساندا زیاتر لە 135 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانستان، پاکستانیان جێهێشتووە، لە مانگی ئایاریشدا بووەتە 67 هەزار کەس.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا دوو رۆژی یەکەمی مانگی حوزەیراندا لانیکەم 3000 هاووڵاتیی ئەفغانستان نێردراونەتەوە.
بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو، ملیۆنان هاووڵاتیی ئەفغانستان بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەیان، روویان لە پاکستان کردووە. لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبانیش بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، هەزاران کەسی دیکە ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت.
هەروەک وەزەرەتی ناوخۆی پاکستان ئاماژەی پێدەکات، لەوکاتەوەی کە لە ساڵی 2023 پڕۆگرامی گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان دەستیپێکردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانستان ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە.
رۆژی سێشەممە، رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM) نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی دیپۆرتکردنەوەی خێزانە ئەفغانستانییەکان لە ئێران دەربڕی و رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا 15 هەزار و 675 حاڵەتی دیپۆرتکردنەوە تۆمار کراوە، کە زیاتر لە دوو هێندەی مانگی پێشووترە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پاکستان، نزیکەی 3 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری ئەفغانستان لەو وڵاتە هەن، ئامارەکانی حکومەتی ئێرانیش ئەوە دەردەخات کە 3.4 ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانستان لەو وڵاتە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ