ئەڵمانیا رێوشوێنی تووندتر تایبەت بە کۆچبەران پەسند دەکات

04-06-2025
تەنیا ئەحمەد
بڕیارەکە بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە داواکەیان رەتکراوەتەوە.
بڕیارەکە بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە داواکەیان رەتکراوەتەوە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا رێوشوێنی تووند بەرامبەر کۆچبەر و پەناخوازان دەگرێتە بەر. ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم هەفتەیە دادگەیەکی بەرلین رایگەیاند، رەتکردنەوەی کۆچبەران لەسەر سنوور نایاساییە.
 
رۆژی چوارشەممە 04-06-2025 حکومەتی ئەڵمانیا چەند رێوشوێنێکی بۆ تووندکردنی یاساکانی پەنابەری پەسند کرد، لەوانەش پلانێک بۆ ئاسانتر دیاریکردنی "ئەو وڵاتە ئارامانەی کۆچبەران لێیەوە هاتوون،" دواتر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی داوکاریی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، ئەلیکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی 7-5-2025 رێگەی بە پۆلیسی وڵاتەکەی دا کۆچبەران لەسەر سنوور رەت بکەنەوە و رێگە نەدەن بچنە نێو وڵاتەکە.
 
ئەو بڕیارەی دۆبرینت لەلایەن دادگەی کارگێڕیی بەرلینەوە بە "نایاسایی" دانرا.
 
رۆژی 02-06-2025 دادگەی کارگێڕیی بەرلین لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لەسەر خاکی ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن، نابێت بنێردرێنەوە."
 
بڕیارەکەی رۆژی دووشەممە دوای تانەیەک هات کە لەلایەن سێ هاووڵاتیی سۆماڵییەوە پێشکەشکرا، کە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە سنووری پۆڵەندا لە لایەن پۆلیسەوە پرسیاریان لێکرا.
 
ئەو سێ هاووڵاتییە داوای مافی پەنابەرییان کرد، بەڵام هەمان رۆژ گەڕێندرانەوە بۆ پۆڵەندا.
 
کابینەی حکومەت چ بڕیارێکی دا؟
 
دۆبرینت کە لە پارتی یەکێتیی کریستیان سۆسیالە (CSU) دەیەوێت حکومەت لە داهاتوودا تەنیا بەرپرس بێت لە دیاریکردنی ئەوەی کام وڵات بە "وڵاتی ئارام" دادەنرێت، بۆ ئەوەی ئەو پەناخوازانەی لێیانەوە دەڕۆن، دیپۆرت بکرێنەوە.
 
بەپێی پلانەکەی، چیدیکە پێویست ناکات ئەنجوومەنی باڵای پەرلەمانی ئەڵمانیا کە نوێنەرایەتیی 16 هەرێمە فیدراڵییەکە دەکات، بڕیار لەسەر ئەوە بدات، "ئەگەر چەوساندنەوە لە وڵاتێکدا هەبێت، خەڵکی ئەو وڵاتە دەتوانن لە ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتی وەربگرن."
 
ئەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی شایستەی وەرگرتنی مافی پەنابەرین کەم دەکاتەوە و دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازە رەتکراوەکان بۆ وڵاتەکانیان ئاسانتر دەکات، بە مەرجێک وڵاتەکانیان لە پۆلینی "ئارام"دا بن.
 
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی پەسند کرد کە داوای دەکرد بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پارێزەرێک لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە پێش ئەوەی دیپۆرت بکرێنەوە لەلایەن حکومەتەوە دەستبەسەر دەکران.
 
ئەم یاسایە لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا بە سەرۆکایەتیی سۆسیال دیموکراتەکان و بە پێداگریی پارتی سەوز پەسند کرابوو.
 
دۆبرینت لە بەرلین بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەمانە هەنگاوی سەرەکین کە بەشێکن لە کۆمەڵێک رێوشوێنی گشتگیر بۆ گۆرانکاریکردن لە سیستمی پەناخوازیدا."
 
ئەو چاکسازییانەی لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراون هێشتا پێویستییان بە پەسندکردنی پەرلەمان یان هەیە.
 
سیاسەتی تووندتری کۆچ رووبەرووی ئاستەنگی یاسایی دەبێتەوە
 
فرێدریش مێرتس کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دەکات کە لە هاوپەیمانێتیی CDU/CSU و سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) پێکدێت، بەڵێنی داوە رووبەڕووی کۆچی نایاسایی ببێتەوە.
 
هەوڵەکانی رۆژی دووشەممە بەهۆی بریارەکەی دادگە لەسەر رەتکردنەوەی کۆچبەران لە سنوور تووشی ئاستەنگ بوون، بەڵام بەڵێنی داوە "لە چوارچێوەی یاسا ئەوروپییە کارپێکراوەکان" لەسەر سیاسەتەکەی بەردەوام بێت.
 
رەخنە لەلایەن شارەزایانی یاسایی و گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە
 
کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەڵمانیا (DAV) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، چاکسازییە پێشنیازکراوەکەی تایبەت بە پێناسەی "وڵاتانی ئارام" بە شێوەیەکی ناپێویست رێساکانی پەناخوازی ئاڵۆز دەکات.
 
کریستۆف تۆمێتن، شارەزای کۆمەڵەکە بۆ یاسای کۆچ گوتی، گۆڕانکارییەکان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر یاسای یەکێتیی ئەورووپا نەوەک مافی دەستووریی ئەڵمانیا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی. لە ئەنجامدا، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتداران و دادگەکان، ئەوەش کەیسەکانی پەناخوازی خاوتر دەکاتەوە.
 
تۆمێتن گوتی، دەستووری ئەڵمانیا داوا دەکات بوندێستاگ لە پۆلێنکردنی "وڵاتانی ئارام" بەشدار بێت.
 
پرۆ ئەسایل، گرووپی داکۆکیکاری پەنابەرانی ئەڵمانی، هەنگاوەکانی حکومەتی بە "نادیموکراسی و لە رووی دەستوورییەوە جێی پرسیار" وەسف کرد.
 
ڤیبکە یودیت، گوتەبێژی رێکخراوەکە بۆ سیاسەتی یاسایی گوتی: "دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی گوایە سەرچاوەی ئارامن یان وڵاتانی سێیەمن، وەرگرتنی ئەو پارێزگارییەی کە بەراستی شایستەیانە، بۆ ئەو کەسانە قورستر دەکات کە لە وڵاتەکانی خۆیان لە مەترسیدان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.