رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی رووسیا قسەی کردووە و تێیدا باسیان لە چەندین بابەت کردووە، لەوانەش جەنگی ئۆکرانیا و پرسی چەکی ئەتۆمیی ئێران.
رۆژی چوارشەممە 04-06-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیەل رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیا قسەم کرد؛ پەیوەندییەکە نزیکەی کاژێرێک و 15 خولەکی خایاند."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی گفتوگۆکە لەبارەی ئۆکراینا، ترەمپ نووسی: "باسی هێرشی سەر فڕۆکەکانی رووسیامان لەلایەن ئۆکرایناوە کرد؛ هەروەها باسی هێرشە جۆراوجۆرەکانی دیکەشمان کرد کە لەلایەن هەردوولاوە دەکرێن. گفتوگۆیەکی باش بوو، بەڵام گفتوگۆیەک نەبوو کە راستەوخۆ ببێتەهۆی بەدیهێنانی ئاشتی."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆک پووتین بە پێداگرییەوە گوتی، ناچارە وەڵامی هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانەکان بداتەوە."
لەبارەی ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی: "باسمان لە ئێران کرد؛ کات لەبەردەم بڕیاری ئێران سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی کەمە و پێویستە بە خێرایی بڕیار بدرێت! بە سەرۆک پووتینم راگەیاند، ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ پێم وایە لەسەر ئەمە هاوڕابووین."
ترەمپ گوتی، پووتین پێشنیازی کرد یارمەتیدەر بێت لەم پرسەدا و دەنووسێت: "سەرۆک پووتین پێشنیازی کرد کە بەشداری لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئێران بکات و رەنگە یارمەتیدەر بێت لە گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا."
ترەمپ لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "ئێران بڕیارەکەی تایبەت ئەم بابەتە زۆر گرنگە، دواخستووە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پێویستمان بە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت."
ترەمپ لە 20-01-2025 گەڕایەوە کۆشکی سپی، لەوکاتەوە چەند جارێ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پووتین کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ