رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سعودیە زیاتر لە 15 هەزار کامێرای چاودێری و درۆنی تەرخان کردووە بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخی ئاسایشی مەککە و پاراستنی سەلامەتیی حاجییان.
رۆژی چوارشەممە، حکومەتی سعودیە بڵاویکردەوە، رێوڕەسمی حەجی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لە 180 وڵاتی جیهانەوە بەشداری رێوڕەسمەکە بکەن.
بەرپرسانی رێوڕەسمی حەج لە سعودیە رایانگەیاند، سوود لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و کامێرای چاودێری وەردەگرن بۆ پاراستنی گیانی حاجییان و ئاسایشی شاری مەککەی پیرۆز.
دەسەڵاتدارانی سعودیە جگە لە جێگیرکردنی زیاتر لە 15 هەزار کامێرای چاودێری، 20 هەزار پاسیان تەرخانکردووە تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا حاجییان لەنێوان شوێنەکان بگوازنەوە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لەدروستبوونی قەرەباڵخی.
محەممەد نەزیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی سەرپەرشتیکردنی سعودیە بۆ رێوڕەسمی حەج دەڵێت: "لە رێگەی کامێراکانەوە چاودێریی جموجووڵی حاجییان و قەرەباڵخیی ناوچەکان لە ژووری کۆنترۆڵی رێوڕەسمەکە دەکرێت."
ئەو بەرپرسە سعودیە رایگەیاند، کارمەندەکان لە رێگەی سوودوەرگرتن لە کامێراکانەوە لە دروستبوونی هەر رووداوێکی لەناکاو یانیش هەر شوێنێک کە لە توانای خۆی زیاتر خەڵکی تێدا بێت، ئاگادار دەکرێنەوە، تاوەکو بەزووترین کات ژمارەی حاجییان لەو شوێنە کەم بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ