رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لەسەر ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پێداچوونەوە بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا رایگەیاند، ئیسرائیل، جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە، لەژێر هەڕەشەی یاخیبووانی حوسیی یەمەن، میلیشیای حیزبوڵڵای لوبنانی و ئێران دایە، هەربۆیە "ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل، لەوانەش بە ناردنی چەک".
هەفتەی رابردوو، ڤادێفول رایگەیاند، ئەڵمانیا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات "ئایا ئەوەی لە غەززە روودەدات لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە؟" گوتیشی، فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل لەسەر ئەم بنەمایە هەڵدەسەنگێندرێت.
ئەوە رەخنەی هەندێک لەنێو هاوپەیمانیی CDU/CSUی خودی ڤادێفولی لێکەوتەوە کە بە پشتیوانیی ناتەواو بۆ ئیسرائیل تۆمەتباریان کرد.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بچێتە بەرلین.
دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی کورت پەکخرا، ئەوەش بەهۆی خۆپیشاندەرێکەوە کە هاواری دەکرد "ئازادی بۆ فەلەستین" و "نەخێر بۆ جینۆساید".
پێشتر جانسن کۆکتورک، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی چەپی (دی لینکە)، بەهۆی لەبەرکردنی تیشێرتێکەوە کە وشەی "فەلەستین"ی لەسەر بوو، فەرمانی پێکرا هۆڵەکە بەجێبهێڵێت.
وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کوشتنی زیاتر لە شەش ملیۆن جوو لە کاتی هۆلۆکۆستدا، ئەڵمانیا یەکێک بووە لە بەهێزترین پشتیوانەکانی ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکە، هەفتەی رابردوو فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "من چی دیکە تێناگەم سوپای ئیسرائیل ئێستا لە کەرتی غەززە چی دەکات و ئامانجی چییە."
بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، ئیسرائیل رووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتر بووەتەوە کە بەهۆی هێرشە بێوێنەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستیپێکرد.
تەندروستیی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس دەڵێت، لانیکەم 54 هەزار و 607 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە ناوچەکەدا کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلن.
هێرشەکەی ساڵی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی هەزار و 218 کەس کە ئەوانیش زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
ئیسرائیل بەم دواییانە گەمارۆی سەر غەززەی سووکتر کرد، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە هێشتا لە مەترسیی برسێتیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ