فەرەنسا؛ تەقەکردنی پۆلیس لە خەڵک یاسای بەکارهێنانی چەک دەخاتە ژێر پرسیارەوە

04-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران لە پاریس. وێنە: AFP
رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران لە پاریس. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێكدا کە بە دەگمەن لە وڵاتێكی دیموکراسیی وەک فەرەنسا روودەدات، ماڵی سەرۆکی شارەوانیی ناوچەیەکی دەوروبەری پاریس کرایە ئامانج و بەشێكی سووتێندرا.
 
روودی ئێلێگیستە، ئەو سەرۆکی شارەوانییەیە کە کرایە ئامانج؛ بەشێک لە لایەنگرانیشی دەورەیان داوە و پاڵپشتیی دەکەن.
 
کارین، هاووڵاتییەکی فەرەنسییە، دەڵێت: "من لێرەم بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ سەرۆکی شارەوانییەکەمان، من دەزانم کە خەڵک تووڕەیە، بەڵام باشتر وایە سەرچاوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێندرێت."
 
سەرچاوەی تووندوتیژییەکان کوژرانی نائیلی مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵی بە رەچەڵەک جەزائیرییە کە لە خاڵێکی پشکنینی هاتووچۆ بە چەکی پۆلیس بە پشتبەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە یەک-435ی ساڵی 2017 کوژرا.
 
یاساکە ماف دەداتە پۆلیس تەقە لە شۆفێران یان سەرنشینانی ئۆتۆمبیێلەکان بکات، ئەگەر فەرمانی پۆلیسیان رەتکردەوە و  پۆلیس لەو کاتە وا بزانێت کە شۆفێرەکە یان سەرنشینان مەترسین بۆ سەر پۆلیس یان خەڵک.
 
یاساکە قوربانییانی دەستی پۆلیسی زیادکردوون؛ لەو ساڵەوە تاوەکو نیوەی 2023، تەقەکردن 5 هێندە زیادی کردووە.
 
لە 2022 لانیکەم 39 کەس بە تەقەی پۆلیس کوژراون، 13یان لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا لە کاتی پشکنین کوژراون کە بە گوتەی پۆلیس فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێل و دابەزینیان رەتکردووەتەوە.
 
رەشپێستەکان یان خەڵکی ئەفریقای باکوور، 20 جار زیاتر لەوانەی دیکە پرسیاری ناسنامەیان لێدەکرێت و رادەگیرێن.
 
پارتی فەرمانڕەوای فەرەنسا هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان و دەڵێت، "رێگە نادەین هیچ کەسێک خەنجەر لە پشتی کۆماری فەرەنسامان بدات."
 
دەستەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە "سیستمی پشکنینی ناسنامە"ی فەرەنسا دەگرێت و دەڵێت، دەرگە بۆ پێشێلکارییەکان و مامەڵەی خراپی جەستەیی و زارەکی پۆلیس دەکاتەوە و داواشی لە پاریس کردووە چارەسەری کێشە قووڵەکانی رەگەزپەرستی و جیاکاری بکات کە لەنێو هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکاندا کە بەرامبەر کەمینەکان هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.