ئەردۆغان: تورکیا ئامادە نییە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات

04-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادە نییە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ پەسند بکات و دەشڵێت، "سوێد کاری زیاتری ماوە ئەنجامی بدات."
 
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەمووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "دەبوو سوێد باشتر کار لەسەر ئەو ئەرکانە بکات کە پێی سپێردراوە." 
 
ئەردۆغان گوتی: "ئێمە بە روونی ئاماژەمان بەوە کردووە کە شەڕی دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بابەتی ئیسلامۆفۆبیا هێڵی سوورن،" گوتیشی، هەمووکەسێک دەبێت لەوە تێبگات "دۆستایەتیی تورکیا بە پشتگیریکردنی تیرۆریستان و رێگەدان بە کاری تیرۆریستی بەدەستناهێندرێت."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێشی رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکەدا؛ 
 
ئەردۆغان لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "لەجیاتی ئەوەی خۆیان بەو تاکتیکانەوە سەرقاڵبکەن کە کات بەفیڕۆدەرن، پێمان وایە کە بردنەسەری بەڵێنەکانیان دەبێتە رێگەیەکی باشتر؛ ئامۆژگاری ئەوان [سوێد] دەکەین بەشێوەیەکی ورد بەخۆیاندابچنەوە و ئەرکەکانی سەرشانیان بەشێوەیەکی باشتر ئەنجام بدەن." 
 
تورکیاش وەکو ئەندامێکی هاوپەیمانیی ناتۆ پێشتر رایگەیاند، ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە تورکیا تەنیا ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسند کرد.
 
رۆژی 4ـی نیسانی 2023، لە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە رێکخراوەکە راگەیاند و فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
  
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.