رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک، لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا، ئامادەبوونی ئەپێکی نوێ بە ناوی 'Threads' بۆ رکابەرایەتیکردنی تویتەر رادەگەیێنێت. ئێستا بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئەندرۆید دەتوانن داوای بکەن بۆ ئەوەی کە لە 6ی ئەم مانگە بەردەستبوو، دایبەزێنن.
ئەپەکە بە ناوی ئینگلیزیی "Threads, an Instagram app," لە ئەپستۆر خراوەتەڕوو، لە وردەکارییەکانیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەند رۆژێکی کەمی داهاتوودا بۆ دابەزاندن بەردەستدەبێت.
ئەپەکە وەک پێشتر مێتا باسی کردبوو، تایبەت دەبێت بە بڵاوکردنەوەی نووسین. لە پێناسەی ئەپەکەدا هاتووە: "Threads ئەو شوێنەیە کە خەڵک تێیدا بەیەکدەگەن بۆ تاوتوێکردنی هەر شتێک لەو بابەتانەوە کە تۆ ئەمڕۆ بەلاتەوە گرنگن تاوەکو دەگاتە بابەتە پڕبینەرترینەکانی سبەی."
راگەیاندنی Threads دوای ئەوە دێت کە کڕینی تویتەر لە لایەن ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکییەوە مشتومڕی لەسەر ئاییندەی تویتەر دروستکرد، کاتێک کە سەرلەنوێ کۆمپانیاکەی رێکخستەوە، هەزاران کارمەندی لەکارلادا و ژمارەیەکی زۆری تایبەتمەندییەکانی ئەپی باڵندە ساماڵییەکەی کردە پارە.
مێتا، کۆمپانیای خاوەنی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، لە نێوەڕاستی مانگی ئادار رایگەیاند، کار لەسەر تۆڕێکی نوێی کۆمەڵایەتی دەکات کە ناوەڕۆکەکەی وایکرد وەک رکابەرێک بۆ تویتەر سەیر بکرێت.
لە پێناسەی ئەپەکەدا لە ئەپستۆردا هاتووە: Threads یارمەتیی بەکارهێنەران دەدات "بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ نێوەڕۆکسازە دڵخوازەکانیان و ئەوانەشی کە حەزیان لە هەمان شتە، لە پەیوەندیدا بێمننەوە."
مێتا دەڵێت: "ئێمە بیر لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی بێناوەندی سەربەخۆ دەکەینەوە بۆ بڵاوکردنەوەی نامەی نووسراو." مەبەست لە بێناوەند یاخود decentralized بریتییە لەوەی کە داتاکانی تۆڕەکە لە یەک سێرڤەردا نەمێنن و تۆڕەکە نەتوانێت دەستکاری داتاکان بکات یان بۆ مەبەستی دیکە بەکاربێنێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر تویتەر ناڕەزایەتیی زیاتری لە دژی خۆی دروستکرد، کاتێک مەسک رایگەیاند تۆڕەکە ژمارەی ئەو تویتانەی بەکارهێنەر لە رۆژێکدا دەیانبینێت سنووردار دەکات و ئەو هەژمارانەی کە بە هێما شینەکە پشتڕاستنەکراونەتەوە، ئەو پەڕی هەزار تویت لە رۆژێکدا دەبینن.
بە گوتەی مەسک، ئامانج لە هەنگاوەکە کەمکردنەوەی قۆستنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بوو لەلایەن لایەنەکانی سێیەمەوە، بە دیاریکراویش ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودیان لە تویتەکان دەبینی بۆ بەهێزکردنی ژیری دەستکردی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ