رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی تەقەکردن لە باشووری رۆژئاوای شاری فیلادیڵفیای ویلایەتی پەنسلڤانیادا روویدا، کەسێک تەقەی لە هەشت کەس کرد، بەو هۆیەوە چواریان کوژران.
پۆلیسی ویلایەتی پەنسلڤانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رووداوەکە کاژێر 8:30 خولەکی شەوی دووشەممە بەکاتی نێوخۆی فێڵادیڵفیا [کاژێر 2:30 خولەکی بەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان] روویداوە و لەو هەشت کەسەی تەقەیانلێکراوە، چواریان گیانیان لەدەستداوە و دوای دە خولەکیش تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.
رووداوەکە لە شەقامی وارینگتن روویداوە. وەک لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، تەقەکەرەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات.
بەگوتەی پۆلیس، بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە و دوو لە بریندارەکانیش منداڵن.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 2ی تەممووزی 2023، پۆلیسی شاری باڵتیمۆر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە نێو یانەیەکی شەوانی شارەکەدا، ئافرەتێکی 18 ساڵان و پیاوێکی 20 ساڵان کوژراون.
بەگوێرەی پێگەی Gun Violence ئەم رووداوی تەقەکردنە دەبێتە 339مین رووداوی تەقەکردن لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئەمریکا روویدابێت.
لە سێ ساڵی رابردووشدا زیاتر لە 600 رووداوی تەقەکردن روویانداوە کە دەکاتە رۆژانە نزیکەی دوو رووداوی تەقەکردن. بەگوێرەی پێگەی Gun Violence، تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا 11 هەزار و 523 کەس لە ئەمریکا بە چەک کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ