رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رایدەگەیێنێت، پێنج درۆنی ئۆکراینیی لە ئاسمانی هەرێمی مۆسکۆی خستوونەتە خوارەوە؛ دەشڵێت، ئەوە "کارێکی تیرۆرستیی" کیێڤە کە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڤونکۆڤۆ.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "هەوڵێکی رژێمی کیێڤ بۆ سەر ناوچەیەک کە ژێرخانی سڤیلی لێیە، لەوانەش فڕۆکەخانەیەک کە گەشتیی نێودەوڵەتیی تێدا دەکرێن، کارێکی تیرۆرستیی نوێیە."
سوپای رووسیا رایگەیاند هەر پێنج درۆنەکەی خستوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی مادی و گیانییان نەبووە.
سوپاکە ئاماژە بەوە دەکات، چوار لە درۆنەکان بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و یەکێکیان بە "ئامرازی ئەلیکترۆنی" خراونەتە خوارەوە.
یەکێک لە درۆنەکان، بەگوێرەی میدیای رووسی، لە دووری 40 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی ڤونکۆڤۆ لە ناوچەی کوبینکا تێکشکێنراوە، کە بۆ ماوەیەکی کورت بووەتە هۆی لەکارکەوتنی فڕۆکەخانەکە.
لە ئەنجامی ئەوەدا ژمارەیەک گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکە گوێزرانەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی دیکە تا ئەو کاتەی کاژێر 8:00ی بەیانی بەکاتی مۆسکۆ (هەمان کاتی هەولێر)، فڕۆکەخانەی ڤونکۆڤۆ دەستی بە کارکردن کردەوە.
زاخارۆڤا دەڵێت، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا "ئەم کارە تیرۆرستیانە بە بەکارهێنانی ئەو چەکە دەکات کە رۆژئاوای پێی داون یان بە پارەی رۆژئاوا بۆی کڕدراون، بۆیە ئەمە بە تیرۆری نێودەوڵەتی دادەنرێت."
لەو کاتەوەی کە رووسیا لە شوباتی ساڵی رابردووەوە دەستی بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت بۆ ئازادکردنی هەرێمی دۆنباس" کردووە، چەندینجار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر شارەکانی رووسیا و لە مانگەکانی دواییشدا روویان لە زیادبوون کردووە.
بەڵام ئەو درۆنانە بە دەگمەن بە مۆسکۆ و دەوروبەری دەگەن کە 500 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە.
مانگی ئایار، رووسیا تێکشکاندنی دوو درۆنی بەسەر کرێملنەوە راگەیاند و چەند رۆژێک دواتر باڵەخانە بەرزەکانی شارەکە رووبەڕووی هێرشێکی دیکەی هاوشێوە بوونەوە.
مۆسکۆش لای خۆیەوە بە شێوەیەکی چڕ درۆن لە دژی ئۆکراینا بەکاردێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ