رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک هاووڵاتیی سوێدی، پێی بگەیێنێت. سزاکە هێشتا جێبەجێنەکراوە.
سزادانی ئەو کەسانە پەیوەندیی بە کوشتنی تاوانکارێکەوە هەیە لە شەڕی نێوان بەدناوترین دوو باندی قاچاخچیی مادەی هۆشبەری سوێد کە یەکێکیان لە لایەن کوردێکەوە سەرکردایەتی دەکرا.
مانگی رابردووش، سوێد ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر دەرکردنی سزای مەرگ بۆ هاووڵاتییەکی سوێدی پێشاندا.
رۆژی پێنجشەممە، پشتڕاستکرایەوە کە سزاکە بۆ دوو هاووڵاتیی دیکەی سوێدی دەرکراوە، بەوەش کۆی گشتیی ئەوانەی لەم چەند هەفتەیەدا لە عێراق سزای هەڵواسینیان بۆ دەرکراوە گەیشتە سێ کەس.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد باس لەوە دەکات، هەموو ئەوانەی سزاکەیان بۆ دەرکراوە، پەیوەندییان بە رووداوێکی کوشتنی پێشتری ئەم ساڵەوە هەیە.
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، زانیاریی پێ گەیشتووە کە گوایە سزاکە بۆ چوارەم هاووڵاتیی سوێدیش دەرکراوە کە دەکرێت پەیوەندیی بە مادەی هۆشبەرەوە هەبێت.
بەڵام وەزارەتەکە روونیدەکاتەوە کە "ژمارەیەک ناڕوونی لە بارە ناسنامەی کەسەکە هەن، بۆیە وەزارەتی دەرەوە ناتوانێن پشتڕاستی بکاتەوە کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە یان نا."
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی سزاکە لەسەریان جێبەجێنەکرێت." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سوێد سەپاندنی سزای مەرگ، سەرکۆنە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە دژی ئەو سزایەین، لە هەموو شوێن، لە هەر هەلومەرجێکدا بێت."
بە گوتەی وەزارەتەکە، ئەوان لەگەڵ خێزانی ئەو هاووڵاتییە سوێدیانە لە پەیوەندیدان، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
بە گوتەی میدیای سوێدی، ئەو سێ سوێدییە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لە کوشتنی تاوانبارێکدا لە عێراقدا هەبووە.
دەگوترێت، کوشتنی ئەو کەسە کە هەر لەم ساڵدا روویدا، پەیوەندیی بە شەڕی نێوان دوو باندی تاوانکاری سوێدەوە هەیە کە بووەتە هۆی کوژرانی چەندین کەس لە نێو و دەرەوەی سوێد و هەوڵی کوشتنی چەندینی دیکەشیان داوە.
تۆڕەکانی فۆکسترۆت و رومبا ماوەی چەندین ساڵە بە هێرشی خوێناوی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
فۆکسترۆت لە لایەن کەسێکی کوردەوە بە ناوی رەوا مەجید سەرکردایەتی دەکرا.
رەوا لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناوبانگی دەرکردبوو.
ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی خۆی شاردبووەوە، لە رۆژی 6ی ئوکتۆبەری 2023 لە کاتی پەڕینەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوور دەستگیرکرا. رەوا مەجید بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، تۆمەتی تەقەکردن و کوشتن و مافیاگەری لەلایەن سوێدەوە داواکراوبوو. باوکی رەوا مەجید لە مانگی ئایاری رابردوودا بە تەلەڤزیۆنی سوێدی ئێس ڤی تی راگەیاند کە کوڕەکەی ئێستا لە ئێران لە زیندان دایە.
رومبا لە لایەن ،ئیسماعیل عەبدۆوە سەرکردایەتی دەکرا کە هاوڕێیەکی کۆنی رەوا مەجید بوو پێش ئەوەی لەیەک ببن بە دوژمن.
لە 28ی ئایاری ئەمساڵ، دەستگیرکردنی ئەویش لە تورکیا راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ