تەقینەوەیەکی گەورە رۆمای هەژاند؛ نزیکەی 30 کەس بریندار بوون

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی تەقینەوەیەک لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە گەڕەکێکی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا روویدا و نزیکەی 30 کەس بریندار بوون. دۆخی دووانیان ناجێگیرە. 
 
رۆبێرتۆ گوالتیێری، سەرۆکی شارەوانیی رۆما، رایگەیاند تەقینەوەکە کاژێر 08:20ی بەیانی (09:20 بە کاتی هەولێر) روویداوە و بەهۆی دزەکردنی گازەوە بووە لە کاتی پڕکردنەوەی سووتەمەنیدا.
 
بەهۆی تەقینەوەکە سەنتەرێکی وەرزشیش لە گەڕەکی پرێنێستینۆ لە رۆژهەڵاتی رۆما وێران بوو، کە لە تەنیشت وێستگەکە بوو.
 
میشێل سێکو، گەنجێکی 23 ساڵان، لە سەنتەرە وەرزشییە وێرانبووەکە کاری دەکرد، گوتی: "تەقینەوەکە بەڕاستی بەهێز بوو. هەستم کرد پێستم دەسووتێت."
 
پێش تەقینەوەکە، تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی گازەکە بانگکرابوون و دەستبەجێ ناوچەکەیان چۆڵکردبوو. ئەو شوێنە کەمپێکی هاوینەی منداڵانیشی لێوە نزیکە.
 
پۆلیسی رۆما رایگەیاند، جگە لە 16 هاووڵاتیی سڤیل، 10 ئەفسەریان و ئەندامێکی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوون. دۆخی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
 
 
فابیۆ باڵزانی، بەڕێوەبەری سەنتەرە وەرزشییەکە گوتی، ئەگەر ئاگرەکە کەمێک درەنگتر روویدابا، دەکرا کارەساتێکی گەورە بێت، چونکە چاوەڕێ دەکرا 60 منداڵ بگەنە کەمپەکە و نزیکەی 120 کەسیش ناویان بۆ بەکارهێنانی مەلەوانگەکە تۆمار کردبوو.
 
ئێنیۆ ئاکویلینۆ، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی لاتسیۆ، گوتی تەقینەوەی وێستگەکە بەهۆی 'BLEVE'ـەوە بووە، کە بریتییە لە تەقینەوەی هەڵمی شلەیەکی کوڵاو.
 
ئەم جۆرە تەقینەوەیە کاتێک روودەدات کە شلەیەکی ژێرپەستان بە خێرایی دەبێتە هەڵم، بەتایبەتی کاتێک ئەو دەفرەی تێیدایە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەشکێت.
 
ئاکویلینۆ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "کاریگەرییەکەی وەک ئەوە وایە بۆمبێک تەقیبێتەوە."
 
ئەو گوتی یەکەم پەیوەندی بۆ ئاگرکوژێنەوەکان لەبارەی دزەکردنی گاز بووە، دوای ماوەیەکی کورت تەقینەوەکە روویداوە. گوتیشی کاتیان نەبووە رێگری لێبکەن، تەنیا توانیویانە ناوچەکە چۆڵ بکەن.
 
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، چاودێریی دۆخەکە دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت