سەرۆکی یەکێک لە مەترسیدارترین باندەکانی سوێد لە تورکیا دەستگیرکرا

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنەکەی
زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سوێد رایدەگەیێنێت، ئیسماعیل عەبدۆیان دەستگیرکردووە کە یەکێکە لە داواکراوترین تاوانبارەکانی سوێد و تۆمەتبارە بە هەڵگیرساندنی شەپۆلێکی تووندوتیژی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیس، ئەو تۆمەتبارە داواکراوە لە تورکیا دەستگیرکراوە. 
 
پۆلیس خۆی ناوی ئیسماعیل عەبدۆی نەهێناوە، بەڵام میدیای سوێدی ناوەکەی ئاشکرا کردووە. عەبدۆ تەمەنی 35 ساڵە و سەرۆکایەتیی رێکخراوی تاوانکاریی "رومبا" دەکات کە وا گومان دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوەی وڵاتەوە بەڕێوەبردبێت.
 
عەبدۆ یەکێکە لە داواکراوترین تاوانبارەکانی سوێد، لە ساڵی 2024ـەوە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەرچووە. لە ئایاری 2024 دەستگیرکرا، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.
 
تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی ئاشکرا نەکراوە کە عەبدۆ بە رەچەڵک خەڵکی کوێیە، بەڵام وڵاتینامەی تورکی هەیە، بۆیە سوێد تیمی دادوەری دەنێرێتە تورکیا تاوەکو لەوێ دادگەیی بکرێت لەبری سوێد.
 
سوێد کە سەردەمانێک بە کەمی رێژەی تاوان ناسرابوو، ساڵانێکە کێشەی کۆنترۆڵکردنی تاوانی رێکخراوی هەیە. باندە تاوانکارییەکان تێوەگلاون لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەک، هەروەها تەقەکردن و بۆمب تەقاندنەوەی بەردەوام کە لە ساڵانی رابردوودا وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
 
میدیای ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن کە ئەو تۆڕانە دزەیان کردووەتە ناو کەرتی خزمەتگوزاری، سیاسەتی ناوخۆیی، سیستمی یاسایی و پەروەردەیی و چاودێریی نەوجەوانان.
 
سەرکردەی باندە تاوانکارییەکان زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەوە کار دەکەن و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فەرمانی کوشتن و هێرشکردن دەدەن و زۆر جار منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بەکاردەهێنن.
 
عەبدۆ پێشتر لەگەڵ رەوا مەجید، کە هاونیشتمانییەکی کوردە و بە رێویە کوردەکە ناسراوە، لەنێو لیستی داواکراوترین تاوانبارەکانی سوێدبوو، پێکەوە سەرکردایەتیی تۆڕی تاوانکاریی "فۆکسترۆت"یان دەکرد و گومان دەکرێت کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری بازاڕی ماددە هۆشبەرەکانی سوێدیان کردبێت.
 
لە ساڵی 2023 ناکۆکی کەوتە نێوانیان و شەپۆلێکی دڕندانەی تووندوتیژی سەریهەڵدا، بەتایبەتی کاتێک دایکی عەبدۆ لە مانگی ئەیلوولی 2023 وەک تۆڵەسەندنەوەیەک کوژرا. لەو کاتەوە، باندی "رومبا"ی سەر بە عەبدۆ، دووژمنایەتییەکی تووندی لەگەڵ رەوا مەجید و تۆڕی فۆکسترۆت راگەیاندووە.
 
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، عەبدۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا دەستگیرکراوە.
 
لە راگەیێندراوێکی پۆلیسدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنێکی جێبەجێکردنی یاسادا لە تورکیا، پۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ پیاوێکی سوێدییان دەستگیرکرد کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ گومانی لێدەکرا لە تاوانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر و هاندانی تاوانی تووندوتیژیی قورس لە سوێد تێوەگلابێت."
 
ماتس بێرگرێن، جێگری کاربەڕێکەری بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەکانی پۆلیسی سوێد (NOA)، لە راگەیێندراوەکەدا گوتی: "ئەم دەستگیرکردنە ئەنجامی کاری ئامانجدار و بەردەوامی نێوان سیستمی دادوەریی تورکیا و سوێدە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە