ترەمپ: پێش هێرشەکەی قەتەر ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردم و پرسییان 'لە کوێ بدەین؟'

04-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی مانگی رابردووی ئێران بۆسەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئێران پێشوەختە ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی هێرش دەکات، ئەوانیش بنکە سەربازییەکەیان لەکاتی خۆیدا چۆڵ کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 3ی تەممووزی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی ئایەوا گوتارێکی پێشکێش کرد، باسی لە وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر بنکەی عەدید لە قەتەر کرد و بە هۆشدارییەکی "بەڕێزانە" لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ناوی برد.
 
ترەمپ گوتی، "پەیوەندییان پێوە کردم بۆئەوەی پێم بڵێن، کە دەبێت هێرشێکمان بکەنە سەر؛ ئەمە ئێران، زۆر بەڕێزانە. گوتیان، حەز دەکەین 14 مووشەکتان تێبگرین. منیش گوتم، فەرموون، تێدەگەم."
 
بە گوتەی ترەمپ، بنکەکە چۆڵ کراوە، جگە لە چوار کارمەندی کارپێکەری سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە جێگیر کرابوون بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکانی ئێران، کەسی دیکەی تێدا نەماوە.
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "هەموو مووشەکەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن چوار کارمەندەکەوە خرانە خوارەوە."
 
ترەمپ لەبارەی ئاگادارکردنەوە پێشوەختەکەی ئێران گوتی، "لەناکاو گوتیان، ئێمە ئامادەین و کەمێکیش شڵەژابوون لە کارەکەیان، دەمەوێت پێتان بڵێم. بزانە ئێران ئەوەندە باش بوون، پەیوەندییان پێوە کردم و پێیان گوتم، دەیانەوێت بە 14 مووشەک بمانکەنە ئامانج، کەواتە دەیانەوێت هێرشمان بکەنە سەر. منیش گوتم فەرموون، ئەوانیش 14 مووشەکی کوالێتی بەرز و زۆر خێرایان تەقاند. هەریەکەیان بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە. ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و ئیدی ئەوە کۆتایی هات."
 
ئەو هێرشەی ئێران وەکو وەڵامی تاران بوو بەرامبەر بە هێرشە فراوانەکەی بەرەبەیانی رۆژی 22ی حوزەیرانی 2025ی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەرزاوەی سەرەکی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کە لەو کاتەوە چەند جارێک، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێرشەکەیان "وێرانکەر" بووە و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ چەند ساڵێک پەکخستووە.
 
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئەفسەر و فڕۆکەوانانەی بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە، رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی رێزیان لێ دەگیرێت. ترەمپ گوتیشی، "ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین."
 
ترەمپ هەندێک زانیاریی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، فڕۆکەکانیان 37 کاژێر بە ئاسمانەوە بوون و 52 تانکەر بەنزینیان ئامادە کردبوو تاوەکو فڕۆکەکان بەنزینیان لێنەبڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە