دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی ترەمپ و پووتین؛ رووسیا گەورەترین هێرشی کردە سەر ئۆکراینا

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کیێڤ دەڵێن، بە سەدان درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەریان و باڵیۆزخانەی پۆڵەندا زیانی بەرکەوتووە. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، لە گفتوگۆکەی لەگەڵ پووتین "هیچ پێشکەوتنێک" بەدینەهاتووە.
 
رووسیا شەوی هەینی گەورەترین هێرشی درۆنی و مووشەکیی خۆی لە مێژووی جەنگەکەدا بۆسەر ئۆکراینا کرد. هێرشەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و پووتین هات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هیچ پێشکەوتنێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەدەستنەهێناوە.
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاش رایگەیاند، رووسیا بەردەوام دەبێت لەسەر ئامانجەکانی جەنگەکەی، کە ئێستا چوارەمین ساڵی تێپەڕاندووە.
 
تیمور، دانیشتوویەکی کیێڤ رایگەیاند پێشتریش هێرشی رووسیای بینیوە، بەڵام هێرشەکەی بەرەبەیانیی هەینی جیاواز بوو، لەوبارەیەوە گوتی، "هەرگیز هێرشێکی وا رووینەدابوو. قەت ئەوەندە تەقینەوە نەبووە."
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و پووتین، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا لێدراوە.
 
زیلینسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، "جارێکی دیکە رووسیا نیشانی دەدات کە هیچ نیازێکی نییە کۆتایی بە جەنگ و تۆقاندن بهێنێت."
 
زیلینسکی رایگەیاند، 23 کەس لە هێرشەکەدا بریندار بوون. هێزی ئاسمانیی ئۆکرایناش رایگەیاند، رووسیا بە 539 درۆن و 11 مووشەک هێرشەکەی کردووە.
 
بەرپرسێکی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمە گەورەترین هێرشی رووسیا بووە لەوکاتەوەی جەنگەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە. 
 
رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا باڵەخانەیەکی باڵیۆزخانەکەیان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کارمەندەکانیان سەلامەتن. وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی،"سەرۆک ترەمپ: پووتین گاڵتە بە هەوڵەکانی ئاشتیی تۆ دەکات."
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، کاتی هێرشەکە کە راستەوخۆ دوای پەیوەندییەکەی پووتین و ترەمپ بوو، نیشانی دەدات کە مۆسکۆ "بەردەوامە لە پشت بەستن بە هێزی دڕندانە." وەزارەتەکە هەروەها دەشڵێت: "ئۆکراینا پێویستی بە یارمەتیی زیاترە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، نەک کەمتر."
 
هێرشەکانی رووسیا لە کاتێکدا چڕبوونەتەوە کە نیگەرانییەکان لە کیێڤ زیاد دەکەن سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی یارمەتییە سەربازییەکان، کە یارمەتیدەری سەرەکی توانای ئۆکراینایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان. ئەم هەفتەیە ئەمریکا رایگەیاند هەندێک لە یارمەتییەکانی کەم دەکاتەوە.
 
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی، ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە یەکێتیی ئەوروپای 27 وڵاتی پێویستە "هەنگاوەکانی خێراتر بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.