رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "گرنگ و مانادار"ـی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبووە و رێککەوتوون لەسەر کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا.
رۆژی هەینی 04-07-2025 زیلینسکی لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ باسمان لە دۆخەکە کرد؛ هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا و دۆخی بەرەکانی جەنگ. سەرۆک ترەمپ زۆر باش ئاگادارە."
زیلینسکی گوتیشی: "باسمان لە بژاردەکانی بەرگریی ئاسمانی کرد و رێککەوتین پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی پاراستنی ئاسمانەکەمان."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەشکرد، تاوتوێی تواناکانی پیشەسازیی بەرگریی ئۆکراینا و دەرفەتەکانی هاوکاریی راستەوخۆیان لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکان کردووە و رایگەیاند: "ئامادەی پڕۆژەی راستەوخۆین لەگەڵ ئەمریکا و پێمان وایە ئەمە بۆ ئاسایش زۆر پێویستە، بەتایبەتی لەبارەی درۆن و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار."
ئەم پەیوەندییە تەنیا چەند کاژێرێک دوای گەورەترین هێرشی درۆنی و مووشەکیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و رۆژێک دوای پەیوەندییە بێ ئەنجامەکەی نێوان ترەمپ و پووتین دێت.
پەیوەندییەکەی نێوان هەردوو سەرۆک لە کاتێکدایە، رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕکردوونەتەوە، لەنێویاندا هێرشێکی شەوی رابردوو کە کیێڤ و چەندین ناوچەی دیکەی کردە ئامانج و بووە هۆی برینداربوونی لانیکەم 23 هاووڵاتیی سڤیل و کەوتنەوەی ئاگر لە پایتەختی وڵاتەکە.
پەیوەندییەک دوای نائومێدی لە پووتین
ئەم پەیوەندییە رۆژێک دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دێت. دوای پەیوەندییەکە، ترەمپ رایگەیاند کە "زۆر نائومێد" بووە و "هیچ پێشکەوتنێک"ـی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەدەستنەهێناوە.
کرێملینیش بڵاویکردەوە، پووتین بە ترەمپی راگەیاندووە "رووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکراینا نابێت،" هەرچەندە ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە دانوستاندنەکان نیشانداوە.
نیگەرانییەکان لەبارەی هاوکاریی ئەمریکا و کاردانەوەی ئەورووپا
هێرشەکانی رووسیا و پەیوەندییەکەی زیلینسکی لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکان لە کیێڤ زیاد دەکەن، دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی ناردنی هەندێک چەکی سەرەکی بۆ ئۆکراینا رابگرێت، لەنێویاندا پاتریۆت.
کیێڤ هۆشداری داوە کە ئەم دواکەوتنە هەڕەشە دەبێ لەسەر لاوازکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی و مۆسکۆ بەهێز دەکات.
رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سەرۆک ترەمپ، پووتین گاڵتە بە هەوڵەکانی ئاشتیی تۆ دەکات."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش رایگەیاند، کاتی هێرشەکە نیشانی دەدات کە مۆسکۆ "بەردەوامە لە پشتبەستن بە هێزی دڕندانە."
هاوکات، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی، ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە پێویستە یەکێتیی ئەورووپا بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا "هەنگاوەکانی خێراتر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ