رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا بۆ یەکەمجارە لە راپرسییەکاندا پارتێکی دژی کۆچبەران پێش پارتە سەرەکییە ناسراوەکە، واتە پارتی کرێکارانی حوکمڕان و پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن کەوتووەتەوە، کە ئەویش پارتی ریفۆرمی بەریتانیایە.
بە درێژایی ئەم هەفتەیە، پارتی ریفۆرمی بەریتانیا لە راپرسییەکاندا لەنێوان 26% بۆ 30%ی دەنگەکانی هێناوە. لە بەرامبەردا پارتی کرێکارانی حوکمڕان، کە کیەر ستامەری رێبەری پارتەکە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە، لەنێوان 22% تاوەکو 25%ی دەنگەکانی هێناوە. پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆنیش لەنێوان 16% بۆ 19%ی دەنگەکانی هێناوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەو قەڵەمبازە گەورەیەی (پارتی ریفۆرم)ی دژە کۆچبەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێستای بەریتانیا و حکومەتی پێشووتریش کە هی پارێزگاران بوو، بەڵێنیان دابوو رێگە لە هاتنی زۆرتری کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بگرن، بەڵام داتاکان پێشانی دەدەن، ئەم ساڵ هاتنی کۆچبەران لەو نۆکەندەوە ریکۆردی شکاندووە.
لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا 19 هەزار و 982 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە و بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا؛ پار ئەمکاتانە رێژەکە دەگەیشتە 13 هەزار و 489 کۆچبەر.
حکومەتی ئێستای بەریتانیا دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا کاری زۆری لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کردووە و تاوەکو ئێستاش 24 هەزار کەس دیپۆرت کراونەتەوە؛ هەروەها لەگەڵ فەرەنساش رێککەوتنێک کراوە لەسەر ئەوەی کۆچبەرانی هاتوو لە نۆکەندی ئینگلیز دیپۆرت بکرێنەوە و فەرەنسا وەریانبگرێتەوە، لە بەرامبەریشدا بەریتانیا ئەو کۆچبەرانەی بەری فەرەنسا ببات و ئیقامەیان بداتێ کە کەسوکاریان لە بەریتانیان.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانی هەفتەی داهاتووی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەریتانیا، رێککەوتنەکە رابگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ