رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەخوڕ لە هیندستان بووەتەهۆی دروستبوونی لافاو و داتەپینی بەرزاییەکان، لە ئەنجامدا لە دوو هەفتەدا لانیکەم 69 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110ی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسانی هیندستان ئەمڕۆ هەینی رایانگەیاند، بارانی وەرزی ناوچەکانی زنجیرە چیای هیمالایای گرتووەتەوە، لە ئەنجامدا لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای وڵاتەکە لافاو و داتەپینی بەرزاییەکان روویداوە.
ئاوی زۆری رووباری بیز کە لە لووتکە بەفراوییەکانی هیمالایاوە دەستپێدەکات، لە ئەنجامی بارانبارینەکە بەرزبووەتەوە و چەندین رێگەی هەرێمی هیماچال پاردێشی داخستووە.
بارانە وەرزییەکە دوو هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکرد. دەزگای کەشناسیی هیندستان هۆشداریی دا کە بارانی بەخوڕ هەرێمەکانی هیماچال پاردێش و ئتاراکاند دەگرێتەوە.
لە هیندستان، حوزەیران تاوەکو ئەیلوول، وەرزی بارانبارینی بەخوڕە. وێڕای ئەوەی بارانبارینەکە وڵاتەکە فێنک دەکاتەوە و سەرچاوەکانی ئاو دەبووژێنێتەوە، زیانی گەورەی گیانی و مادییش لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
مانگی رابردوو، 30 کەس بەهۆی لافاوەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ