لە بەریتانیا دوو کەس تاوانی فریودانی دوو کچی هەرزەکاریان بەسەردا ساخکرایەوە

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگایەکی بەریتانیا سزای دوو پیاوی دا کە دوو کچی هەرزەکاریان بە مادەی هۆشبەر و کحول فریودابوو و دواتر دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەریان. ئەو دوو پیاوە دانیشتووی شاری کۆڤێنترین، بە تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ بەمەبەستی سێکسی سزا دراون.
 
فەرهەنگ تەها، تەمەن 26 ساڵ و عەتوڵڵا ئارین، تەمەن 31 ساڵ، دوای دادگاییکردنیان لە دادگای تاوانەکانی واریک لە ناوچەی وۆرکشە لە ئینگلتەرا، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سێکسی، تۆمەتبار کران.
 
پۆلیسی وێست میدلاندز رایگەیاند، دادگا بەڵگەی ئەوەی هەبووە کە چۆن دوو پیاوەکە کچەکانیان هەڵگرتووە و بردوویانن بۆ چەند شوێنێک لە شارەکەدا، لەوێ مادەی هۆشبەریان پێداون و دواتر دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەریان.
 
هەردوو پیاوەکە رەتیانکردەوە ئەو کارەیان کردبێت، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی پۆلیس چەندین گرتەی ڤیدیۆیی دەستدرێژییەکەی لە مۆبایلی یەکێکیاندا دۆزییەوە. هەروەها بڕیاریشە لە 6ی ئاب لە هەمان دادگا سزاکەیان دیاریبکرێت. 
 
بەگوێرەی پۆلیس، دەستدرێژییەکە لەنێوان ساڵانی 2016 و 2018 روویداوە، کاتێک قوربانییەکان تەمەنیان 15 و 16 ساڵ بووە.
 
پۆلیس ئاماژەش بەوەش دەکات، قوربانییەکان لە ساڵی 2021دا سکاڵایان تۆمارکردووە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، بەڵام هەردوو پیاوەکە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کچەکان راست ناکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە