ترەمپ داوای ئاگربەستی ئۆکراینا دەکات و پووتین بەدوای ئامانجەکانیەوەیەتی

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هیچ پێشکەوتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بەدەستنەهێناوە. هاوکات، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا جەختدەکاتەوە کە پووتین سوورە لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە.
 
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پووتین بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پەیوەندییەکی تاوەکو رادەیەک درێژ بوو، باسمان لە زۆر شت کرد، لەنێویاندا ئێران، وەک دەزانن باسمان لە جەنگی ئۆکراینا کرد. من لەوە دڵخۆش نیم."
 
رۆژنامەڤانان لە ترەمپیان پرسی، ئایا هیچ نزیکبوونەوەیەک هەبووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، هیچ پێشکەوتنێکم لەگەڵیدا بەدەستنەهێنا."
 
ئەم هەڵسەنگاندنە نەرێنییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی ئاشتی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە سێ ساڵە لە ئۆکراینا بەردەوامە، پەکیکەوتووە و واشنتنیش ناردنی هەندێک چەکی بۆ کیێڤ راگرتووە.
 
لەوکاتەوەی ترەمپ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گەڕاوەتە کۆشکی سپی، 6 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کردووە، بەڵام هیچ کاتێک وەکو دوایین پەیوەندیی بە نەرێنی باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نەکردووە. 
 
ترەمپ لەم دواییانەدا بێزاریی بەرامبەر پووتین نیشانداوە. لە هەفتەکانی رابردوودا، پێشنیازەکەی پووتینی بۆ نێوەندگیری لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل رەتکردەوە و پێیگوتبوو لەبری ئەوە، سەرنجی لەسەر جەنگی ئۆکراینا بێت.
 
هاوکات لەگەڵ گوتەکانی ترەمپ، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا-کرێملن رایگەیاند، پەیوەندییەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە و پووتین جەختیکردووەتەوە کە دەستبەرداری ئامانجەکانی رووسیا نابێت.
 
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سەرۆکەکەمان گوتی رووسیا ئەو ئامانجانە بەدەستدەهێنێت کە دایناون، واتە نەهێشتنی ئەو هۆکارە ریشەییانەی بوونە هۆی دۆخی ئێستا. رووسیا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابێت."
 
مۆسکۆ ماوەیەکی زۆرە ئامانجە سەرەکییەکانی لە ئۆکراینا بە "نەهێشتنی هۆکارە ریشەییەکان"ی ململانێکە وەسف دەکات و داوا دەکات کیێڤ دەستبەرداری خواستی بە ئەندامبوونی لە ناتۆ بێت.
 
لە شوباتی 2022ـەوە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس و رووسیا کۆنترۆڵی بەشێکی بەرفراوانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینای کردووە.
 
سەرەڕای ئەمەش، ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوەدا، پووتین بە ترەمپی گوتووە کە مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە دانوستاندنەکان و "ئێمە بەردەوامین لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی و دانوستاندن بۆ ململانێکە."
 
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رۆژی پێنجشەممە سەردانی دانیمارکی هاوپەیمانی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا.
 
زیلینسکی بە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لە دانیمارک گوت، گومانەکان لەبارەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا، پێویستیی هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ برۆکسل و ناتۆدا دەسەلمێنێت.
 
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، بڕیارە رۆژی هەینی ترەمپ و زیلینکسی قسە بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە